لێكۆڵینەوەیەكی شوێنەواری لە بەریتانیا بەكۆتا هاتووە و لە ئەنجامەكەیدا كۆنترین بەڵگە لەسەر ئاگركردنەوە لەلایەن مرۆڤەوە ئاشكرا كراوە. ئەو شوێنەوارەی دۆزراوەتەوە، بۆ 400 هەزار ساڵ بەر لە ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە.
پێگەی ئەلیكترۆنیی رۆژنامەی رۆژانەی "
ئەهرام"ی میسری، ئەمڕۆ پێنجشەم 11ی كانوونی یەكەم لە ئاژانسی هەواڵی بەریتانی "بی ئەی میدیا" وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، شوێنەوارناسان لە لێكۆڵینەوەیاندا بە ئاگردانێكی قوڕین گەیشتوون كە بۆ نزیكەی 400 هەزار ساڵ بەر لە ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە، ئەوەیش كۆنترین بەڵگەیە بۆ ئاگركردنەوە لەلای مرۆڤەوە.
ئاماژە دراوە كە ئەو شوێنەی ئاگردانەكەیان تێدا دۆزیوەتەوە، ناوچەیەكە نزیك لە بارنهام لە سۆفۆلك لە نێوان سیتفۆرد و باری سانت ئیدمۆندز لە نزیكی لەندەن، ئەوەیش بەڵگەیەكە كە مرۆڤ لەو ناوچەیە ئاگریان كردووەتەوە و قوڕەكەیش بە رەژوو بووە. باس لەوە دەكرێ كە 400 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، بۆ قۆناغی ژیانی مرۆڤی نیاندەرتاڵ دەگەڕێتەوە.
شوێنەوارناسان پێشتر رایان گەیاندبوو كە كۆنترین بەڵگە لەبارەی ئاگركردنەوە لەلایەن مرۆڤەوە، بۆ 50 هەزار ساڵ بەر لە ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە، ناوچەكەیش دەكەوێتە باكوری فڕەنسا.
دواتریش ئاماژە بەوە دراوە كە لێكۆڵەرەوان ماوەی چوار ساڵیان پێ چووە بۆ گەیشتن بە ئاگردانەكە و دڵنیابوون لە بەڵگەكەیان، دووپاتیان كردووەتەوە كە ئاگردانەكە دروستكەری مرۆڤ خۆیەتی و پێوەندیی بە تەقینەوەی گڕكان و سووتانی دارستانەكانەوە نییە.