بابەتێكی گرنگ لەلایەن ئەندامێكی تەنفیزیی یەكێتیی زانایانی كوردستان دەورووژێنرێت و باسی تێڕوانینی ئاینی ئیسلام بۆ ئاڵا دەكات، سەرجەم ئەو هەڵانەی لەوبارەیەوە هەبوو راستی دەكاتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەم 17ـی كانوونی یەكەم، عەبدوڵا شێركاوەیی ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی و بەرپرسی راگەیاندنی یەكێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان لەوبارەیەوە دەڵێت، ئاڵا هێما و پێشاندەری شوناسی نەتەوەییە، رەنگ و نەخشەكەی بەڵگەی بوونی ناسنامەی نەتەوەیەكی خاوەن جیۆگرافیا و زمان و فەرهەنگ و بوونە، بەدرێژایی مێژوو هەموو میلەتان بەجیاوازیی شوێن و زمان و ئاینەوە، ئاڵای خۆیان هەبووە، بەپێی تۆخبوونی چەمكی دەوڵەت و نەتەوەكان، ئاڵا زیاتر رۆڵ و واتای خۆی دروست كردووە، ئێستە ئاڵا وەك هێمایەكی دیار و سیمبولێكی هەڵقوڵاوی خاك و خەڵكی هەر وڵات و نەتەوەیەك پێگە و مانا و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، هەر وڵاتێكیش بە ئاڵاكەیەوە دەناسرێتەوە و هەر ئاڵایە و بە شێوەیەك لە شێوەكان، پێناسەی ئەو وڵاتەیە و تایبەتمەندییەكانی هەر وڵاتێك لە ناو ئاڵاكەیدا خۆی دەنوێنێت.
شێركاوەیی باس لەوە دەكات، ئاڵای كوردستان بۆ یەكەم جار لە 17ی12ی1945 لە كۆماری مهاباد بەرز كرایەوە و بووە سیمبولی بەرخودان و شۆڕش و كڵپەی زەنگی شەرەف و هەستانەوە و گیانفیدایی، بۆ نەتەوەیەكی بەشمەینەتی ستەملێكراوی دابەشكراو، كە تایبەتمەندی و پێگە و واتا و مێژووی خۆی لەناو دڵی ملیۆنان رۆڵەی كورد جێگیر كردووە، پەرلەمانی كوردستانیش لە 19ی6ی2009 رۆژی 17ی كانوونی یەكەمی وەك رۆژی ئاڵا دیاری كرد.
روونی كردووەتەوە، كورد مافی خۆیەتی وەك وەك وڵاتان ئاڵای تایبەت بەخۆی هەبێت، نەخاسمە ئاڵایەك كە نەخشە و شێوەی لە بوونی رەنگی سوور و سپی و سەوز و خۆری بیست و یەك تیشكی، كە گوزارشتە لە مێژووی نەتەوەیەكی ستەملێكراو بەدەستی دوژمنانی و رێگەی خەبات و گەیشتن بە مافی چارەنووس و ئازادی و سەربەخۆیی، رەنگی سوور بەواتای شۆڕش و شەهامەت و گیانفیدایی و خوێنی شەهیدان و هەستی پارێزگاری لە گەل و نیشتمان دێت، رەنگی سپی بە واتای گەلێكی ئاشتیخواز و مرۆڤدۆست و ژیانویستە، رەنگی سەوز بەمانای ئومێد و ئارامی و سروشتی نیشتمان و ئاوەدانی و ژینگە و تەنانەت بەشێك لە فەرهەنگی وڵاتان دەیگێڕنەوە بۆ هەبوونی باوەڕی ئاینی، بۆیە زۆر لە وڵاتانی ئیسلامی رەنگی سەوز لە ئاڵاكانیان هەیە، خۆریش بەواتای جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و سەری ساڵی كوردی دێت.
" بەدرێژایی مێژوو هەموو گەلان سوودیان لەوە بینیوە، كە ئاڵای خۆیان هەبێت و لە كاتی ئاشتی و جەنگ و بۆنە و خۆشی و ناخۆشی و نمایش و كێبەركێی سیاسی و دیپلۆماسی و سەربازی، ئیرادە و بوونی خۆیان بسەلمێنن و گوزارشت لە هێز و توانا و تایبەتمەندی و كولتوور و پێكهاتەی نیشتمان و وڵاتەكەیان بكەن"، عەبدوڵا شێركاوەیی وا دەڵێت.
ئاماژە بەوەش دەكات، ئاینی پیرۆزی ئیسلام واقیعییانە مامەڵەی لەگەڵ ئەم بابەتە كردووە و ئەم جۆرە لە گوزارشت و شوناسی نەتەوەیی نەك رەت ناكاتەوە، بەڵكو لەناو مسوڵمانانیش شەرعییەت بە بوونی ئاڵا بۆ گوزارشتكردن لە بوون و ناسین و سەروەری و رەمزی پێكهاتە و سیمبولی دەستی سەركردەی پارێزەر دەدات، بە رەوای دەبینێ هەر گەل و میلەتێك ئاڵای خۆی هەبێت، تەنانەت پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) ئاڵای هەبووە، وەك ئیبن عەباس ریواتی كردووە و دەفەرموێ: ئاڵای پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) رەنگی رەش و سپی بووە.
دەشڵێت، ئاڵای رەش و سپی لە سەردەمی ئەودا هەڵكراوە و دراوەتە دەست كەسانێكی خاوەن هێز و ئیرادە، بۆ پێشەنگی و سەركردایەتیكردنی ئەو دەستە و كۆمەڵەیەی لە شێوەی سوپا بۆی دیاری كراوە، بەتایبەت لە كاتی جەنگدا ئاڵا هێمایەك بووە بەدەستی سەركردە، بە مەبەستی یەكڕیزی مسوڵمانان و ئاراستەی جەنگاوەران و هێمایی یەكبوونی هەڵوێست و هیمەت و تۆكمەیی سوپا، تەنانەت كاتێك سوپای مسوڵمانان لەگەڵ سوپای رۆم رووبەڕوو بوونەوە، بەبایەخەوە ئاڵای مسوڵمانان بەدەستی سەركردەی دیار زەیدی كوڕی حاریسەوە بوو، دواتر كەوتە دەستی جەعفەری كوڕی ئەبو تالیب و پاشان عەبدوڵای كوڕی رەواحە و ئینجا خالیدی كوڕی وەلید و نەیانهێشت ئاڵاكە بكەوێت، ئەمەش بەڵگە و ئاماژەیە كە ئاڵا لە ناو فەرهەنگی ئیسلامیدا، هێمای سەركەوتن و شكۆمەندی و بەهێزی و پاراستن و هەستی بەرگری و نەكەوتنە، ئەمە وێڕای ئەوەی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) رێگەی داوە هەر گەل و هۆزێك ئاڵای تایبەت بە خۆیان هەبێت، ئەمەش سەلمێنەری ئەو راستییەیە كە ئیسلام ددانی بە ماف و سەروەری و تایبەتمەندیی هەر گەل و هۆزێك ناوە، بتوانن بەپێی مومارەسەی ئازادی و گەیشتن بەماف و پاراستنی سنووری یەكتر لە چوارچێوەی نیشتمانێك كۆ ببنەوە و رێز لە جیاوازی و شوناسی یەكتر و چەمكی ئینسانیبوون بگرن، بۆیەش لە دوای پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) لە سەردەمی خەلافەتی راشیدین و دەوڵەتی ئەمەوی و عەباسی تا دەگاتە دەوڵەتی عوسمانی، ئاڵا هەبووە و هێمای هێز و تایبەتمەندیی خۆی بووە.
روونی كردووەتەوە، بۆ ئێمەی كورد كە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆ نین، پێویستە ئاڵا زۆر گرنگ بێت، بەچاوی رێز و شكۆوە لێی بڕوانین و بیكەینە هێما و سیمبولی نەتەوەیی و بەهەموو توانایەكەوە پارێزگاری لێ بكەین، وەك پەرچەمی وڵات و هەوێنی ئاشتی و كوردایەتی و قووڵكردنەوەی هەستی نیشتمانی و شوناسی نەتەوەیی سەیری بكەین، چونكە پارێزگاریكردن لە ئاڵا بە رەنگ و نەخشە و ماناكانی، چ وەك كورد چ وەك مسوڵمان ئەركێكی ئاینی و نەتەوەییە، پارێزگاریكردنە لە سیمبولی نیشتمان و قەوارە و مێژوو و خوێنی شەهیدان و مافی گەیشتن بە چارەنووس و سەربەخۆیی و پاراستنی كەرامەت و شكۆمەندی و شانازییەكانی گەلەكەمان.