ژنێکی ئەمەریکی بەهۆی مامەڵەکردنی لەگەڵ کۆمەڵێک بووکەڵە وەک منداڵی ڕاستەقینە، بووەتە جێی سەرنجی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئاشکرای دەکات کە داهاتێکی خەیاڵیی هەیە.
ئەمڕۆ هەینی 19ی کانوونی یەکەم، میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، (جیانا کاسۆف) کە دایکی پێنج منداڵی گەورەیە، لە ماڵەکەیدا خاوەنداریی 20 بووکەڵە دەکات و ڕۆژانە وەک دایکی ڕاستەقینە خزمەتیان دەکات، دەیانشوات، جلوبەرگیان بۆ دەکڕێت و دەیانباتە دەرەوە.
کاسۆف لەبارەی داهاتەکەیەوە دەڵێت "لە ماوەی 365 ڕۆژی ڕابردوودا، تەنیا لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ڕۆژانەی ئەم بووکەڵانە لە یوتیوب، زیاتر لە 200 هەزار دۆلار (20 دەفتەر)م دەست کەوتووە".
بووکەڵەکان کە بە (Reborn) ناسراون، لە لایەن هونەرمەندانەوە بە دەست و لە مادەی ڤینیل و سیلیکۆنی کوالیتی بەرز دروست کراون و شێوەیان زۆر لە منداڵی ڕاستەقینە دەچێت، نرخی هەر یەکێکیان لە نێوان دوو هەزار بۆ 10 هەزار دۆلارە.
سەبارەت بەو ڕەخنانەی لێی دەگیرێت و بە "ترسناک" یان "خەمبار" وەسفی ژیانەکەی دەکرێت، کاسۆف دەڵێت "پیاوانی پێگەیشتوو یاریی ڤیدیۆیی دەکەن و جلوبەرگی کارەکتەرەکان دەپۆشن ئاساییە، بەڵام من هێرشم دەکرێتە سەر چونکە حەزم لە بووکەڵەیە؟ ئەمە پێوەرێکی دووفاقییە".
ناوبراو کەناڵەکەی ناوی "بووکەڵەکان ڕاستەقینە نین"ـە و ئاماژە بەوە دەدات، زۆربەی بینەرەکانی کچانی خوار تەمەن 12 ساڵن، یان ئەو کەسانەن کە بەدەست تەنیایی، لەدەستدانی ئازیزان و نەزۆکییەوە دەناڵێنن و وەک جۆرێک لە چارەسەر سەیری دەکەن.