بازاڕی "تویۆسۆ" تایبەت بە فرۆشتنی ماسی لە تۆكیۆی پایتەختی ژاپۆن، دوێنێ گرانبەها ماسیی تێدا فرۆشرا كە ماسییەكی جۆری "توونە"ی رەنگ شین بووە، لە زیادكردنێكدا ئەو ماسییە بە زیاتر لە سێ ملیۆن دۆلار هاتە فرۆشتن.
پێگەی "
شەفەق نیوز" كە هەواڵەكەی لە میدیاكانی ژاپۆن وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، ئەو ماسییە توونەی لە بازاڕی تویۆسۆ لە زیادكردنێكدا هاتە فرۆشتن، بە دەگمەنترین جۆری ماسی هەژمار دەكرێ كە رەنگی پێستی شینە و پێی دەگوترێ "ئۆما"، بۆیە نرخەكەی گەیشتووەتە 515 ملیۆن یەنی ژاپۆنی كە دەكاتە سێ ملیۆن و 200 هەزار دۆلاری ئەمەریكی.
ئەوەی ئەو ماسییەی كڕیوە، كۆمپانیای "كیۆمورا"یە كە كیوشی كیمۆرا بەڕێوە دەبات و خاوەنی زنجیرە چێشتخانەیەكی ناوداری دنیایە. وێڕای ئەوەی نرخەكەی زۆر گرانە، هاوكات چاوەڕێ دەكرێ قازانجێكی زۆریشی لێ بكەن، چونكە كڕیاری تایبەتی هەیە.
ئەو ماسییە توونەیە لە ئاوی ئۆما لە باكوری ژاپۆن گیراوە، ئەو شوێنە بە نیشتمانی توونە ناو دەبرێت، بەڵام ئەو جۆرە ماسییە شینە لە دنیادا خەریكە نامێنێت، بۆیە نرخەكەیشی زۆر گران بووە.
ئەو جۆرە ماسییە زیاتر لە ئۆقیانووسی هێمن دەژی و بەرەو لەناوچوون دەچێت، ئەوەی ماوە هەوڵ دەدرێت راو نەكرێن تا دیسان زۆر ببنەوە.