ئەم دوگمەیە كە بە هەڵە بەكاردەهێنرێ‌

:: PM:04:26:07/01/2026 ‌
ئەو دوگمەیەی كە لەناو شۆفێراندا وا ناوی رۆیشتووە هەواگۆڕكێ‌ دەكا لەناو ئۆتۆمبێل، لەلایەن زۆرینەی شۆفێرانەوە بە هەڵە بەكارهێنراوە.
 
ئەم دوگمەیە كەی دابگریت و كەی دەستكاری نەكەیت؟
بە پشتبەستن بە لێدوانی گۆران مەڕوان شارەزای میكانیكی، ئەم دوگمەیە كە وێنەی سەیارەیەكە و تیرێكی تێدایە پێی دەگوترێت Recirculation، یەكێكە لە گرنگترین دوگمەكان بۆ "بینینی شۆفێر"، بەڵام بە هەڵە بەكارهێنانی مەترسیدارە.

روونیشی كردەوە، ON دابگریت، واتە "ڕێگە مەدە هەوای دەرەوە بێتە ژوورەوە". ئەمە بۆ كاتی هاوین باشە و تەبریدەكە ساردتر دەكات، یان كاتێك لە ڕێگایەك دەڕۆیت دوكەڵ و بۆنی ناخۆشی لێیە.

ئەو شارەزایەی میكانیك لەبارەی كوژاندنەوەیشی گوتی، لە زستان و كاتی بارانباریندا، دەبێت ئەم دوگمەیە كوژاوە بێت واتە هەوای دەرەوە بێتە ژوور، ئەگەر لە زستاندا دایبگریت، هەوای ناو سەیارەكە شێدار دەبێت و ڕاستەوخۆ جامەكان "تەم" دەكەن و پێش خۆت نابینیت.

هۆشداریش دەدات، كە كاتێك شۆفێر دەیەوێ‌ تەمی جامەكەی لاببات، پێویستە سەیری ئەو دوگمەیە بكات و كوژاوە بێت.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم