وریای ئەو فێڵە بن

:: PM:01:00:02/02/2026 ‌
وەزارەتی بەرگریی عێراق ئەمڕۆ دووشەم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی هەواڵی زۆر بڵاو دەبێتەوە بۆ دامەزراندن و چوونە ڕیزی سوپای عێراقەوە، بەڵام ئەمە دوورە لە ڕاستییەوە و بە مەبەستی هەڵخەڵەتاندنی خەڵك ئەو هەواڵە درۆیە بەكار دەهێنرێت.

لە ڕاگەیەنراوەكەی وەزارەتی بەرگریی عێراقدا هاتووە، بە تەواوی ئەو هەواڵ و زانیارییانە ڕەت دەكەینەوە كە لە بەشێك لە ماڵپەڕەكان و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی، هەواڵ و زانیاری بە ناوی وەزارەت و بە بیانووی دامەزراندن لە ڕیزەكانی سوپای عێراق وەك سەرباز بڵاو دەكرێتەوە.

هێما بۆ ئەوەیش كراوە، وێڕای ڕەتكردنەوەی تەواوی ئەو زانیارییانە، گرووپێكی ساختەكار پارە لە خەڵك وەردەگرن بۆ پڕكردنەوەی فۆرمی دامەزراندن وەك سەرباز، ئەمە تەنیا هەڵخەڵەتاندنی خەڵك و پارە بەردانەوەیە لە هاووڵاتییان.

وەزارەتی بەرگری دەڵێ، هەر دەرفەتێكی دامەزراندن لە وەزارەتەكەمان و لە ڕیزی سوپا هەبێت، بەشێوەیەكی فەرمی لە ماڵپەڕی فەرمیی  حكوومەت بڵاو دەكرێتەوە و دەرفەتی یەكسان بێ هیچ پارە وەرگرتنێك بۆ هاووڵاتییان دەستەبەر دەكرێ، لە دژی ئەو گرووپە ساختەكارەیش ڕێوشوێنی یاسایی دەگرینەبەر و دژی هەر كەسێك دەوەستینەوە كە هاووڵاتییان بخەڵەتێنن و هەواڵی درۆ و ناڕاست بە ناوی وەزارەتەكەمان بڵاو بكەنەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د