بەپێی میدیاكانی ئێران، حكوومەتی ئەو وڵاتە بڕیاری داوە رێگە بە ژنان بدرێت بە وەرگرتنی مۆڵەتی لێخوڕینی ماتۆرسكیل، لە هەنگاوێك كۆتایی بە دەیان ساڵ لە كێشەی یاسایی بۆ ئەو كارە هێنا، ئەو هەنگاوەش لە دوای ناڕەزایەتییەكانی دوایی ئێران هات كە دەیان شاری ئێرانی گرتەوە.
بەپێی ئاژانسی هەواڵەكانی كرێكارانی ئێران
"ئیلنا"، محەمەد رەزا عارف جێگری یەكەمی سەرۆكی ئێران، واژووی لەسەر بڕیارێك كردووە بۆ هەمواركردنەوەی جێبەجێكردنی یاسای هاتوچۆ، بڕیارەكە كە ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێران لە كۆتایی مانگی رابردوو پەسندی كردووە، باسی پابەندبوونی پۆلیسی هاتوچۆ بە راهێنانی كردەنی بۆ ژنانی پێشكەشكار بۆ مۆڵەتی لێخوڕینی ماتۆرسكیل و دەركردنی مۆڵەت بۆیان بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی تەناهی دەكات.
ئەگەرچی یاسای ئێران بە راشكاوانە قەدەغەی لێخوڕینی ماتۆرسكیلی بۆ ژنان نەكردبوو، بەڵام ساڵانێكە دەسەڵاتدارانی ئێران رێگریان لە پێدانی مۆڵەتی لێخوڕین بەوان دەكرد، بۆیە لە كاتی هەر رووداوێكی هاتوچۆ، ژنان بە پێشێلكردنی یاسا تۆمەتبار حسێب دەكران ئەگەر قوربانیش بوونایە، چونكە ئەوان مۆڵەتی فەرمیان نەبوو.
تا ئێستە پۆلیسی هاتوچۆی ئێران لێخوڕینی ماتۆرسكیلی لە لایەن ژنان بە نایاسایی ناو دەبرد و هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕاندەوە كە یاسا بواری بە ژنان نەداوە مۆڵەتی لێخوڕین وەربگرن، بۆیە هەر ژنێك ماتۆرسكیل لێبخوڕێت، كارێكی نایاسایی كردووە، چونكە مۆڵەتیان نییە و ئەگەر پۆلیس لەكاتی لێخوڕین بیان گرێت، سزایان دەدات.