دیاردەكی نامۆی گەردوون لە كۆتایی ئەم مانگە ڕوو دەدات

:: AM:09:24:05/02/2026 ‌
گەردوونناسان و ئاژانسی ناسا ڕایان گەیاند، كۆتایی ئەم مانگە شوبات/فێبرایەر دیاردەی ریزبوونی هەسارەكان بەدوای یەكتر و دەركەوتنیان لە ئاسمانی گۆی زەوی ڕوو دەدات، ئەمەش بە دیاردەیەكی جوان و ناوازە هەژمارە دەكرێ و زۆر لەوانەی كە خولیای گەردوونناسییان هەیە، بە تاسەوە چاوەڕێی ئەم ڕۆژەن.

میدیاكان بڵاویان كردووەتەوە، لە كۆتایی ئەم مانگە هەریەك لە هەسارەكانی عەتارد و زوهرە و نیپتۆن و زوحەل و ئۆرانۆس و موشتەری، لە بەشێكی ئاسمان بە دوای یەكدا ڕیز دەبن و كۆ دەبنەوە، ئەمەیش لە دوای ئاوابوونی ڕۆژ دەردەكەوێت، هەرچەندە ئەو دیاردەیە پێشبینی دەكرێ لە 28ی ئەم مانگە ڕوو بدات، بەڵام زانایان دووپات لەوە دەكەنەوە، ئەگەری زۆرە لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی تر دەركەوتنی ئەو دیاردەیە و وادەكەی جیاوازییان هەبێت.

ئاژانسی ناسا ئاشكرای كرد، ئەمە دیاردەیەكی دەگمەن و ناوازەیە كە لە گەردوون ڕوو دەدات و وا دەكات لە یەك كاتدا بتوانین چاودێریی شەش هەسارە بكەین، بەڵام بۆ خەڵكی ئاسایی تەنیا چوا هەسارە بە چاو لە ئاسمانەوە دەتوانرێ ببینرێن، ئەوانیش هەسارە زوهرە و عەتارد و زوحەل و موشتەرین، بۆ دیتنی هەسارەی ئۆرانۆس و نیپتۆن پێویستی بە تەلیسكۆپی بچووك دەبێت، بەمشێوەیە دەتوانرێ هەر شەش هەسارەكە ببینرێت.

ئاژانسەكە هێمای بۆ ئەوەیش كردووە، دیاردەكە چەند خولەكێك دەخایەنێت و زۆر نامێنێتەوە، بۆیە دوای ڕۆژئاوابوون، ئەوانەی ئارەزووی بینینی ئەو دیاردەیە دەكەن، پێویستە چاودێری ئاسمان بكەن و یەكەم هەسارەیش كە دەردەكەوێت، هەسارەی زوهرەیە كە لە ئاسماندا دەدرەوشێتەوە، پاشان عەتارد و زوحەل و نیپتۆن دێن و هەسارەی ئۆرانۆسیش لە سەرووی هەموویانەوە دەبێ، دواجاریش هەسارەی موشتەری لە بەشی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسمان و نزیك لە مانگ دەردەكەوێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د