زیرەكی دەستكرد.. تیشكی ڕەنین دەخوێنێتەوە و تەمەنی كۆتایی مرۆڤ ئاشكرا دەكات

:: AM:09:59:11/02/2026 ‌
شارەزایان ئامرازێكی زیرەكی دەستكردیان پەرە پێ داوە، توانیویانە بیگەیەنن بەو ئاستەی كە شیكاری وێنەی تیشكی موگناتیسی مێشك "ڕەنین" بكات، لە دەرئەنجامە ئاڵۆزەكانی بكۆڵێتەوە و بگات بە ئەنجامێكی ورد، ئەویش تەمەنی مرۆڤەكە و تووشبوونیەتی بە نەخۆشیی لەبیرچوونەوە بە وردی دیاری دەكات. 

هاوكات ئەو ئامرازە نوێیەی زیرەكی دەستكرد كە بە برەین ئای ئەی سی ناو نراوە، بە وردی وێنەی مێشكی مرۆڤی پێدراوە و لیكۆڵینەوەی لەسەر كردووە، زیاتر لە 49 هەزار وێنەی جۆراوجۆری مێشكی مرۆڤ كە بە تیشكی موگناتیسی "ڕەنین" گیراون خراوەتە بەردەستی، تا لێیان بكۆڵێنەوە و ڕاهێنانی لەسەر بكات. 

دوای ڕاهێنان و تێگەیشتن لە كارەكەی، ئێستە ئەو ئامرازەی زیرەكی دەستكرد توانای خوێندنەوەی وردی وێنەكانی تیشكی موگناتیسی "رەنین"ی هەیە، دەتوانێ تەمەنی بایۆلۆجی مرۆڤ دەستنیشان بكات كە تا چەند ساڵ ئەو كەسە دەژی و وادەی كۆتایی كەیە، هەروەها پێشبینی كاتی تووشبوونی بە نەخۆشی لەبیرچوونەوە و جیناتەكانی تووشبوون بە گرێ لە مێشك و ماوەی مانەوەی تووشبووانی شێرپەنجەی مێشك لە ژیان دەكات. 

پسپۆران دووپات لەوە دەكەنەوە، ئەو ئامرازە نوێیە زۆر باشتر و پێشكەوتووترە بە جۆرێكی تر كە ماوەیەك بەر لە ئێستە دروستیان كردبوو، كە داتای كەم و ڕاهێنانی كەمی پێكرابوو و توانایەكی زۆرباشی لە شیكاركردنی وێنەكانی تیشكی ڕەنین نەبوو. 

بنیامین كان سەرۆكی پرۆگرامی بەكارهێنانی زیرەكی دەستكرد لە بواری پزیشكی لە دامەزراوەی ماس جەنەراڵ بریگهام گوتی، برەین ئای ئەی سی توانایەكی زۆر گەورەی هەیە لە خوێندنەوەی ئاماژەكان و لێكدانەوەكانی كاری ئەندامەكان، دانانی ئەو ئامرازە لە پرۆتۆكۆلەكانی پزیشكان و بەكارهێنانی لەلایەن پزیشكان یارمەتیدەرێكی بەهێز دەبێت، بۆ دەستنیشانكردنی وردی نەخۆشی و كێشەكانی مێشكی مرۆڤ.


وشە - باز ئه‌حمه‌د