بەڵگەنامەی نوێ: ئیپستین خەونێکی ستیڤن هۆکینگی بەدی هێناوە

:: PM:08:09:11/02/2026 ‌
وەزارەتی دادی ئەمەریکا بەڵگەنامەی نوێی بڵاو کردەوە، کە تێیدا جێفری ئیپستین ملیاردێری کۆچکردوو، لە نامەیەکدا باس لەوە دەکات خەونێکی ستیڤن هۆکینگ زانای بەناوبانگی فیزیای لە دوورگەکەی خۆی بەدی هێناوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 11ی شوباتی 2026، ئاژانسی "نۆڤۆستی"ـی ڕووسی لە زاری میدیاکانی ئەمەریکاوە بڵاوی کردەوە، پشکنین بۆ بەڵگەنامەکان کراوە و نامەیەکی ساڵی 2017ـی ئیپستین دۆزراوەتەوە. لە نامەکەدا ئیپستین نووسیویەتی، هۆکینگ لە کاتی سەردانیکردنی دوورگە تایبەتەکەی ئەودا، خەونی ئەوە بووە بچێتە ژێر دەریا.

ئیپستین لە وەسفی ڕووداوەکەدا نووسیویەتی، کاتێک ستیڤن هۆکینگ هاتە دوورگەکەم و گوتی خەونی ئەوەیە بچێتە ژێر دەریا، من سەریم بە شریت  بە کورسییەکی پشت بەرزەوە بەستەوە و خستمە ناو ژێردەریایەکی تایبەتەوە، ئەوە زۆر چێژبەخش بوو.

میدیاکان ئاماژەیان بەوەش داوە، ناوی هۆکینگ زیاتر لە 200 جار لە دۆسیەکەی ئیپستیندا هاتووە، ئەمەش تیشک دەخاتە سەر ئەگەری بوونی پێوەندییەکی بەهێز لە نێوانیاندا. بەڵگەنامەکان چەندان ئیمەیڵی تێدایە کە ئاماژەن بۆ گفتوگۆی کەسە نزیکەکانی ئیپستین لەبارەی هۆکینگەوە.

ئەم بەڵگەنامانە دوای ئاشکرابوونیان، مشتومڕی زۆریان لەسەر ئاستی جیهان دروست کردووە، بەهۆی ئاشکرابوونی وردەکاریی نوێ لەسەر پێوەندییەکانی ئیپستین بە کەسایەتییە گەورەکانی بواری سیاسەت، زانست و بازرگانییەوە.



وشە - پۆڵا مەحموود