دوو هەسارۆچكە لە زەوی نزیك دەبنەوە.. بێ زیان تێپەڕ دەبن؟

:: AM:11:11:12/02/2026 ‌
ئاژانسەكانی بۆشایی ئاسمان بڵاویان كردەوە، دووسبەی 14ی ئەم مانگە و 30 نیسان/ئەپریلی داهاتوو، دوو هەسارۆچكەی گەورە لە زەوی نزیك دەبنەوە، بەڵام ڕەتی دەكەنەوە هیچ بەریەككەوتنیان لەگەڵ زەوی هەبێ و بێ زیان زەوی دەبڕن و دەچنە بەشێكی تری گەردوونەوە. 

پەیمانگەی توێژینەوەی بۆشایی ئاسمان لە ئەكادیمیای زانست لە ڕووسیا بڵاوی كردەوە، هەسارۆچكەی 162882 كە بە هێمای ئێف دی 58 - 2001یش ناسراوە، تیرەكەی دەگاتە نزیكەی كیلۆمەترێك و قەبارەكەی لە نێوان نیو بۆ كیلۆمەترێك دەبێت، ڕۆژی شەمووی داهاتوو 14ی شوبات/فێبرایەر لە تەك زەوی تێپەڕ دەبێت. 

ئاماژە بەوەیش دراوە كە ئەو هەسارۆچكەیە بە تەنێكی نزیك لە زەوی و ئەگەری دروستبوونی مەترسی لەسەر زەوی هەژمار كراوە، بە ڕوانین لە قەبارە و نزیكبوونەوەی لە خولگەی گۆی زەوی كە نزیكەی 7.5 ملیۆن كیلۆمەتر لە زەوی نزیك دەبێتەوە، بەڵام شارەزایان نایشارنەوە كە تێپەڕینی لە تەك زەوی بێ زیان دەبێ و هیچ هەڕەشە و مەترسییەك دروست ناكات، ئەگەری بەرككەوتنی بە زەوی سفرە، لە ڕێگەی پرۆگرامی چاودێری گەردوونی نێودەوڵەتی بە وردی چاودێریكراوە و هەنگاوەكانی شی كراونەتەوە. 

هاوكات پەیمانگەكە لە زانیارییەكی تر هێمای بۆ ئەوە كردووە، لە 30 نیسان/ئەپریلی داهاتوویش هەسارۆچكەیەكی تر بە ناوی ئێس ئێچ 33 2017 كە بەهەمانشێوە، قەبارەكەی كیلۆمەترێك دەبێت لە زەوی نزیك دەبێتەوە و تێپەڕ دەبێت، ئەگەری بەریەككەوتنیشی لەگەڵ زەوی بەهەمانشێوە بەگوێرەی لێكدانەوەكانی ئێستە دوورە.




وشە - باز ئه‌حمه‌د