پۆلیسی ئەڵمانیا تەرمی وشكبووەوەی ژنێكی بەتەمەنیان لە هەرێمی باڤاریا دۆزیەوە، دوای ئەوەی چەندان جار هەوڵی پێوەندیكردن پێوەی سەركەوتوو نەبوو، دواتر دەركەوت كچەكەی بۆ وەرگرتنی مووچەی خانەنشینیی ئەو ژنە، هەواڵی مردنی شاردووەتەوە.
وەك رۆژنامەی
"بیلد"ی ئەڵمانی باسی دەكات، پۆلیسی ئەڵمانیا تەرمێكی وشكهەڵگەڕاوی ژنێكی بەتەمەنیان بە ناوی "سوفی ب" لەدایكبووی 1922، لە ناوچەی روهمانسفیلدن سەر بە هەرێمی باڤاریا دۆزییەوە، كاتێك فیرنەر ترۆیبەر سەرۆكی شارەوانی هەموو ساڵێك لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوو هەوڵی دەدا پێوەندی پێوە بكات بەهۆی زۆریی تەمەنەكەیەوە رێزی لێ بنێت.
بەڵام پێوەندییەكانی سەركەوتوو نەبوون و ئەوەش نیگەرانی دروست كرد و پێوەندی بە پۆلیسەوە كرد، هەموو جارێك كە سەردانی ماڵی ئەو ژنەیان كردووە، دەرگە داخراو بوو یان كچەكەی، "كریستا ب"، پاساوێكی بۆ بەڕێكردنیان بێ دیتنی ژنەكە دەدۆزیەوە، دواجار لە 30ی كاتنوونی یەكەمی 2025 سەرۆكی شارەوانی بڕیاری دا بە پێوەندیكردن بە داواكاری گشتی، بەتایبەتی كە چیتر قەناعەتی بە پاساوەكانی كچە تەمەن 82 ساڵەكەی نەكرد، بەوەی دایكی بەر لە دوو ساڵ لە چیكیا مردووە.
بۆیە پۆلیس لە 5ی ئەم مانگە بەدواداچوونیان كرد و تەرمە وشكهەڵگەڕاوەكەی دایكیان لە ماڵەكە دۆزیەوە، وەك پۆلیسی باڤاریا لە 12ی ئەم مانگە رای گەیاند، لە توێكاری هۆكاری مردنی ژنەكە نەزانراوە، بەڵام دەركەوت كە چەند ساڵێك پێش ئێستە مردووە، لێكۆڵینەوە بەردەوامە و گومان دەكرێت كە كچەكە لە وەرگرتنی مووچەی خانەنشینیی دایكی بەردەوام بووە كە بڕكەی 1500 یۆرۆ، واتە 1780 دۆلار بووە.