هەریەك لە كۆمپانیای سپەیس ئێسك و ئێكس ئەی ئای كە لەلایەن ئیلۆن مەسكەوە خاوەنداری دەكرێن، لە كێبەركێیەكی نهێندان، تا فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوان بۆ پنتاگۆن پەرە پێ بدەن، لە ڕێگەی فەرمان پێكردن بە قسە و دەنگەوە كۆنترۆڵ و ئاراستە بكرێت.
هاتنی كۆمپانیاكانی مەسك بۆ ئەو بوارە لە سەرەتای شوبات/فێبرایەرەوە دەستی پێ كرد، كە تێیدا لە بواری پەرەپێدانی چەك بە پشتیوانی زیرەكی دەستكرد لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا كار دەكات، ئەمەیش گۆڕانێكی جۆرییە لە كارەكانی ئیلۆن مەسك، چونكە پێشتر بە هەموو شێوەیەك دژی بەكارهێنانی داهێنان و پێشڤەچوونەكان بوو تا وەك ئامرازی نوێ بۆ كوشتنی مرۆڤ بەكار بهێنرێن.
كێبەركێی دروستكردنی
درۆنێك كە قسە و دەنگ فەرمانی پێ بكرێت، ماوەی شەش مانگ دەخایەنێت، لەو ڕێگەیەوە پەرە بە ئامرازی تەكنیكی پێشكەوتوو دەدرێ، تا لە ڕێگەی زیرەكی دەستكردەوە، پەیامە دەنگییەكان كە بە درۆنەكە دەگەیەنرێت، بەشێوەیەكی خۆكارانە بۆ كۆد و فەرمانی ئەلیكترۆنی لای فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكان بگۆڕێت.
لەو ڕێگەیەوە كەسێك دەتوانێ چەندان فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان بفڕێنێت و فەرمانیان پێ بكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا گواستنەوەی دەنگ لە مرۆڤەوە لەسەر زەوی بۆ فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكان لە ژینگەی جیاجیا و سەر دەریا و ئاسمان، پێویستی بە بەرنامەڕێژی ورد و تۆكمە هەیە، تا بێ كێشە فەرمانەكە بە درۆنەكە بگات و جێبەجێی بكات.