ئیمارات هێرشێكی چڕی ئەلیكترۆنی تێكشكاند

:: AM:09:35:22/02/2026 ‌

ئەنجوومەنی ئاسایشی سیبرانی ئیمارات ئاشكرای كرد، سیستمی سیبرانی نیشتمانیی وڵاتەكەیان سەركەوتوو بوو لە تێكشكاندنی هێرشی گەورەی تیرۆریستی ئەلیكترۆنی، كە كرایە سەر ژێرخانی ئەلیكترۆنی وڵاتەكە بە ئامانجی تێكدان و نانەوەی پشێوی و نەهێشتنی خزمەتگوزارییە ئەلیكترۆنییەكان بۆ هاووڵاتییان. 

لە ڕاگەیەنراوێكی ئەنجوومەنی ئاسایشی سیبرانی ئیماراتدا هاتووە، هێرشێكی چڕی ئەلیكترۆنی لە هەوڵدان بۆ كۆنترۆڵكردنی تۆڕەكان و بڵاوكردنەوەی پرۆگرامی تێكدەر و قوفڵكەری داتاكان، دواتر كردنەوەی لە ڕێگەی بەخشینی پارە و هەڵمەتێكی چڕی فیشینگ، ناردنی ئیمەیل و پەیامی ساختە و فەیك بۆ سەر سەكۆ نیشتمانییە ئەلیكترۆنییەكان ئەنجام درا. هێرشبەران پێشكەوتنەكانی زیرەكی دەستكردیان سوود لێ وەرگرتبوو و ئامرازەكانی هێرشبردنیان لەو ڕێگەیەوە زۆر ئاڵۆز كردبوو، ئەمەیش پێشكەوتنێكی جۆرییە لەو ئامرازانەی كە گرووپە تیرۆریستییەكان لە هێرشە ئەلیكترۆنییەكانیان بەكاری دەهێنن. 

لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا ئەنجوومەنەكە دووپاتی كردەوە، توانیویانە هێرشەكە تێكبشكێنن و كۆتایی پێ بهێنن، دڵنیاییان بە خەڵكی وڵاتەكەیان دا كە بۆشایی ئەلیكترۆنی لە ئیمارات بە بەردەوامی بە پارێزراوی و جێگیری دەمێنێتەوە، هەموو كات ئەوان لەسەر هێڵن و لەگەڵ تەواوی كۆمپانیا و شارەزایانی دنیا لە گفتوگۆ و پێوەندیدان، بۆ هێشتنەوەی ژێرخانی ئەلیكترۆنی وڵات بە سەلامەتی و دوور لە هەر هەڕەشە و كێشەیەكی ئەلیكترۆنی.


وشە - باز ئه‌حمه‌د