بەكارهێنەرانی ئایفۆن لە فێڵێكی نوێ‌ ئاگادار دەكرێنەوە

:: PM:02:56:25/02/2026 ‌
توێژەرانی ئاسایشی ئەلیكترۆنی هۆشدارییان داوە لە فێڵكردنێك كە بەكارهێنەرانی ئایفۆن و ئایپاد، دەكاتە ئامانج بە ئیستغلالكردنی تایبەتمەندیی بانگهێشتكردنی ساڵنامە. ئەم فێڵە پێویستی بە دامەزراندنی هیچ ئەپ و بەرنامەیەكی زیانبەخش نییە لەسەر ئامێرەكە.

فێڵەكە بریتییە لە ناردنی بانگهێشتنامەی ساختەی ساڵنامە، ئەم ئاگادارییانە بۆ دروستكردنی دڵەڕاوكێ یان فێڵكردن لە بەكارهێنەران بۆ هاوبەشكردنی زانیارییە كەسییەكان، وەك وشەی نهێنی یان وردەكارییەكانی ئەژمێری بانكی داڕێژراون.

شارەزایانی بواری تەناهیی ڕوونیان كردەوە كە زۆرجار هێرشەكە لەو كاتەوە دەست پێ دەكات كە بەكارهێنەرێك بەبێ مەبەست، كلیك لەسەر بەستەرێكی زیانبەخش دەكات لە كاتی گەڕان بە ئینتەرنێتدا، بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی بەشدارییان لە ساڵنامەیەكی شاراوەدا دەكات، دوای ئەوە فێڵبازەكان دەتوانن ژمارەیەكی بێسنوور ئاگاداركردنەوە ڕاستەوخۆ بۆ ئامێرەكە بنێرن.

ئەم ئاگادارییانە بەشێوەی جۆراوجۆر دەردەكەون، وەك ئاگاداركردنەوەی بەپەلەی تەناهی، ئاگاداركردنەوە لە بردنەوەی خەڵاتی گوماناوی، یان پەیامی ساختە. ئەمەش وایان لێ دەكات زیاتر باوەڕیان پێ بكرێت، بەتایبەتی كە بەشداریكردنی ساڵنامە لە ڕێگەی ئەپ ستۆرەوە ناڕوات، ئەمەش وا دەكات بەشێوەیەكی شەرعی دەربكەون و ئەستەمە لەكار بخەن.

توێژەران ئاماژەیان بەوە كردووە كە ئەم جۆرە ساختەكارییە لە زیادبووندایە، هەوڵەكانی هێرشبەران بۆ تێپەڕاندنی سیستمی ئاسایشی تەقلیدی لە فرۆشگاكانی ئەپەكاندا دەقۆزێتەوە، شارەزایانی بواری تەناهی پشتڕاستیان كردەوە كە ئەپڵ هەرگیز لە ڕێگەی ئەپی Calendar هۆشداری ڤایرۆس و پەیامی تەناهی نانێرێت.

شارەزایان ئامۆژگاری بەكارهێنەرانی ئامێرەكانی ئەپڵ دەكەن كە كارلێك لەگەڵ ئاگاداركردنەوە گوماناوییەكان نەكەن، یان كلیك لەسەر بانگهێشتنامەی ساڵنامەی نەناسراو بكەن، هەروەها ئەگەر هەستیان بە هەر ئاگاداركردنەوەیەكی نائاسایی كرد، دەستبەجێ پێداچوونەوە بە ڕێكخستنەكانی ساڵنامەكەیان بكەن.



وشە - وشه‌