هێڵی ئاسمانی شاهانەی هۆڵەندا ئاشكرای كرد، سەرجەم گەشتی فڕۆكەكانی بۆ ئیسرائیل لە یەكشەمی داهاتووەوە دەوەستێنێت، لەبارەی هۆكارەكەیشی ئاماژەی داوە كە گەشتەكان لە ڕووی بازرگانی و كارپێكردنەوە ناتوانن بەردەوام بن، بەڵام هاوكاتە لەگەڵ گرژییەكان و مەترسیی سەرهەڵدانی شەڕ لە نێوان واشنتن و ئێران.
ڕۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرەنۆت"ی
ئیسرائیلی بڵاوی كردەوە، هێڵی ئاسمانی شاهانەی هۆڵەندا لە یەكی ئادار/مارسەوە، گەشتی ڕاستەوخۆی فڕۆكەكانی لە نێوان فڕۆكەخانەی ئەمستردام و تەلئەبیب دەوەستێنێت و لەبارەی هۆكارەكەیشی ڕوونی كردووەتەوە، لە ڕووی بازرگانی و كارپێكردنەوە لەو قۆناغە گەشتەكانی بەردەوامی پێ نادات، ئەوانەیشی كە بلیتی گەشتكردنیان بڕیوە، پێویستە بەدواداچوون و پێوەندیی بكەن، بۆ ئەوەی بژارەی گۆڕینی كات و وادەی گەشتەكانیان بۆ دابنرێت، یان پارەكانیان بۆ بگێڕدرێتەوە.
ئاماژەی بەوەیش داوە، بەردەوام دەبن لە چاودێریی پێشهاتەكان و دووبارە چاو بە بڕیارەكە دەخشێننەوە بە ڕوانین لە بڕیار و دۆخی ناوچەكە.
دەركردنی ئەو بڕیارە لەلایەن هێڵی ئاسمانیی شاهانەی هۆڵەنداوە لە كاتێكدایە، گرژییەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران گەیشتوونەتە لووتكە، ئەگەری زۆری وەشاندنی گورزی سەربازی لەلایەن ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران هەیە، مەترسیی كاردانەوەی ئێران و بە ئامانجگرتنی ئیسرائیل لە بەرانبەر هێرشەكانی ئەمەریكا بوونی هەیە.