ئەندامێكی كوردی ئەنجوومەنی شاری بێلڤیو لە ئەمەریكا لە میانەی هەوڵە بەردەوامەكانی، دواجار نەورۆزی وەك ڕۆژی كولتووری گەلان لە شارەكەی بە فەرمی ناساند و لە ئەنجوومەنی شارەكەیش ئەو بڕیارە پەسند كرا.
شاری بێڵڤیو یەكێكە لە شارەكانی ویلایەتی واشنتن و لە ساڵی ڕابردوو نارین بڕیار هاووڵاتییەكی ئەمەریكی بە ڕەگەز كورد، لە هەڵبژاردنی شارەوانیی شارەكە توانی سەركەوتوو بێ و ببێت بە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەكە، دوای دەستبەكاربوونیشی نارین هەوڵی ناساندنی كورد و كولتوورەكەی بە خەڵكی ئەو شارە دا و دواجاریش نەورۆزی كرد بە ڕۆژی فەرمی كولتووری گەلان لەو شارەدا.
نارین بڕیار لە دانیشتنی ئەنجوومەنی شارەكەدا گوتی، ئەفغان و ئازەری و بەلووچ و چیچانی و هەزارە و كازاخ و كورد و قیرغیز و یەزجین و پشتۆن و ئێرانی و تەتەر و تاجیك و توركمان و ئۆگور و ئۆزبەك، هەریەكەیان كولتوور و نەریتی خۆیان لەگەڵ نەورۆز بەستووەتەوە، ئەمەیش سەلمێنەری ئەوەیە كە جەژنی نەورۆز لەگەڵ نەریتە كۆنەكان یەكی گرتووە و بووەتە سیمبولێك بۆ نوێبوونەوەی كەسی و خۆگونجان لەگەڵ سروشت، دەرفەتێكیشە بۆ خێزان و گرووپەكان تا پێوەندی لەگەڵ یەكتر ببەستن.
لە بەشێكی تری قسەكانیدا نارین دەڵێ، وەك ئەوەی شاری بێڵڤیو نیشتمانی زۆر لەوانەیە كە ئاهەنگی نەورۆز دەگێڕن و سەرجەمیان ئەندامی چالاكی كۆمەڵگەكەمانن و پشكداری بەشێوەیەكی چالاكانە لە فرەیی كولتوور و ئابووری و ژیانی شارەكەمان دەكەن، هاوكات لەگەڵ ئەوەیشدا ئەو جەژنە جۆرێكە لە ئاڵنگاری ساڵی ڕابردوو و ڕوانین لە ساڵی داهاتوویەكی باشتر، بۆیە رۆحی نەورۆز ئیلهام و سۆز و یەكێتی و ئاشتی ناوخۆیی دەبەخشێتە كۆمەڵگەكەمان.
لە كۆتایی قسەكانیدا دەڵێ، من وەك ئەندامێكی ئەنجوومەن و بە نوێنەرایەتی مو مالاكوتیان پارێزگای شاری بێڵڤیو لە واشنتن و بە نوێنەرایەتی ئەنجوومەنی شار، ڕای دەگەیەنم كە 20 ئادار/مارسی 2026 دەبێتە ڕۆژی كولتووری میلی گەلان لە شاری بێڵڤیو، هانی سەرجەم ئەندامانی كۆمەڵگەكەمان دەدەن كە ڕێز لە كولتوورە جیاوازەكان بگرن، بەشداربن لە چالاكییە لۆكالییەكان بەم بۆنەیەوە و كولتوورە جیاوازەكان بناسن، ئەمە شارەكەمان دەوڵەمەندتر دەكات.