دیاریكردنی سەری مانگ لە رۆژژمێری ئیسلامی پێوەستە بە بینینی هیلالی مانگی نوێ، مانگی رەمەزان بە بینینی هیلالی ئەو مانگەی دەستی پێ كرد و بە بینینی هیلالی مانگی دواتر كۆتایی دێت، ئەمڕۆ دادگای باڵای سعوودیە داوای لە خەڵكی ئەو وڵاتە كرد كە چاودێریی بینینی هیلالی مانگی شەوال بكەن، ئەوەش لە ئێوارەی چوارشەمی داهاتوو.
بەپێی
بەیاننامەیەكی دادگاكە، دادگاكە داوا لە تەواوی موسڵمانان لە سەرانسەری سعوودیە دەكات بۆ چاودێریكردنی بینینی هیلالی مانگی شەوال لە ئێواری چوارشەمی داهاتوو لە 18ی ئاداری 2026، بۆیە دادگاكە داوا لەو كەسانە دەكات كە هیلالی ئەو مانگە بە چاوی ئاسایی یان دووربین دەبینن، نزیكترین دادگا ئاگەدار بكەنەوە و شایەتی بینینی تۆمار بكەن، یان پێوەندی بە نزیكترین ناوەندەوە بكەن، بۆ یارمەتیدانی بۆ گەیاندنیان بۆ نزیكترین دادگا.
شایەنی باسە ئەگەر ئێوارەی رۆژی چوارشەمی داهاتوو هیلالی مانگی شەوال بینرا، ئەوە پێنجشەم دەبێتە یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزان و ئەگەر نەبینرا پێنجشەم تەواوكەری مانگەكەیە و هەینی یەكەم رۆژی جەژنە، لەوكاتەی لای شیعە رۆژێك دوای سوننە دەیكەن بە جەژن.