ئایا جێهێشتنی مۆبایل بە شەحنەوە پاترییەكەی لاواز دەكات؟

:: AM:11:49:20/03/2026 ‌
زۆرێك لە بەكارهێنەرانی مۆبایلە زیرەكەكان پرسیار لە باشترین ڕێگەكانی پاراستنی پاتریی ئامێرەكەیان دەكەن، یەكێك لە خووە باوەكان شەحنكردنەوەی مۆبایلە بە درێژایی شەو، ئەمەش پرسیار لەسەر سەلامەتیی ئەم كارە و كاریگەرییە درێژخایەنەكانی لەسەر تەمەنی پاترییەكە دروست دەكات.

مۆبایلە مۆدێرنەكان چیتر بەدەست كێشەی زیادە بارگاویكردنەوەكانی ڕابردووەوە ناناڵێنن، ئەمەش بەهۆی سووڕگەی زیرەكەوە كە كۆنترۆڵی پرۆسەی شەحنكردنەوە دەكات و ڕۆیشتنی كارەبا دەوەستێنێت كاتێك پاترییەكەی دەگاتە 100%.

ئەم سیستمانە كە بە "بەڕێوەبردنی كارەبا" ناسراون، گەرمیی زۆر كەم دەكەنەوە و مەترسیی تێكچوون یان ڕووداو كەم دەكەنەوە، ئەمەیش وا دەكات لە زۆربەی حاڵەتەكاندا سەلامەت بێت، کە لە كاتی خەوتندا مۆبایلەكەت بە شەحنەوە بهێڵیتەوە.

تەمەنی پاتری
سەرەڕای سەلامەتیی ڕێژەیی، شارەزایان ئاماژە بەوە دەكەن كە شەحنكردنەوەی شەوانە باشترین بژاردە نییە بۆ پاراستنی تەمەنی پاتری. پاترییەكانی لیتیۆم كە لە مۆبایلەكاندا بەكاردەهێنرێن تووشی فشاری كیمیایی زیاتر دەبن كاتێك بۆ ماوەیەكی درێژ بە تەواوی بارگاوی دەكرێنەوە، هەروەها ڕەنگە مۆبایلەكە تووشی شەحنبوونی پچڕپچڕ بێت، كە ئاستی پاترییەكەی كەمێك دادەبەزێت و دواتر دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ 100%، ئەمەش وردە وردە تێكچوونی پاترییەكەی خێراتر دەكات.

بۆیە باشتر وایە؛ ئاستی بارگاویكردنەوە لە نێوان 30% بۆ 80% بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی كارایی گونجاو و تەمەنی پاتری درێژتر بێت.

مەترسیدارترین هۆكار خودی بارگاویکردنەوە نییە، بەڵكو ئەو گەرمییەیە كە دروستی دەكات، جێهێشتنی مۆبایلەكەت لە ژێر بالیف یان لەسەر جێگا، دەبێتە هۆی ئەوەی گەرما بخاتە تەڵەوە و ئەگەری تێكچوونی پاترییەكەی زیاد بكات، تەنانەت لە حاڵەتە دەگمەنەكاندا ئاگرەكەیش زیاد بكات، بەكارهێنانی مۆبایلەكەت لەكاتی بارگاویکردنەوە یان پشتبەستن بە بارگاویكەرەوەی نائۆرجیناڵ، كێشەكە گەورەتر دەكات و پلەی گەرمیی زیاتر بەرز دەكاتەوە.


وشە - وشه‌