بۆ یەكەمجار دەستنووسێكی عەبدولحەلیم حافز بڵاو دەبێتەوە

:: AM:11:53:24/03/2026 ‌
عەبدولحەلیم حافز كە لە بواری موزیك و گۆرانیی عەرەبیدا بە "بولبولی ئەسمەر" دەناسرێتەوە، لە ساڵی 1977وە بەهۆی نەخۆشی كۆچی دوایی كرد، كەچی ئێستە ماڵباتەكەی بۆ یەكەمین جار دەستنووسێكی بۆ هەوادارانی بڵاو دەكەنەوە.

پێگەی "عەرەبیە" كە دەستنووسەكەی حافزی لەلایەن ماڵباتەكەی بڵاو كردووەتەوە كە ئەوانیش لە رێگەی فەیسبووكەوە بۆ هەوادارانی بڵاویان كردووەتەوە، ئاماژە بە گرنگیی ئەو دەستنووسە دەدات كە بە درێژایی ئەو ماوانەی ئەو هونەرمەندە نەخۆش بووە، دەستنووسەكەی لە گیرفانی داناوە و بەوە دڵخۆش بووە كە تەواوی دەستنووسەكە بە ئایەتی قورئان و نزا پڕی كردووەتەوە، بەڵكو نزاكان فریای بكەون و لە نەخۆشییەكەی رزگاری بكەن.

ماڵباتی ئەو هونەرمەندە دەڵێن، حافز لە دەستنووسەكەدا سوورەتی "فاتیحە" و ئایەتی "كورسی"ی نووسیوە، هەموو كاتێك لە گیرفانی داناوە كاتێك بۆ چارەسەری نەخۆشییەكەی گەشتی وڵاتانی دەكرد، تەنانەت كاتێك لە نەخۆشخانە دەخەوت، دەستنووسەكەی لە ژیر سەرینەكەی داناوە و بڕوای تەواوی بەو سوورەت و ئایەتە و نزاكانی هەبووە.

ماڵباتەكەی ئەوەشیان گوتووە، حافز بەردەوام قورئانی دەخوێندەوە بەتایبەتی ئێواران، خۆشیی دەنگی ئەو لە خوێندنەوەی قورئاندا، چەندان بارتەقای ئەو گۆرانییانە بووە كە دەیگوتن، واتە دەنگی لە قورئاندا زۆر زیاتر خۆشتر بووە وەك لە گۆرانیگوتن.

دواتریش ماڵباتی حافز دەڵێن، بۆیە ئێستە ئەو دەستنووسەكە بڵاو دەكەنەوە، چونكە ژمارەیەكی زۆری هەوادارانی چاوەڕێیان دەكرد هەر شتێكی نوێ لەبارەیەوە بزانن كە پێشتر نەیانزانیبوو.

عەبدولحەلیم حافز بە هێمایەكی گەورەی گۆرانی و سروودی عەرەبی لە سەدەی بیست هەژمار دەكرێ كە یەك لە كۆڵەگەكانی هونەری عەرەبییە و بە ستایلێكی نوێی بەرهەمەكانی پێشكەش دەكرد. ئەو هونەرمەندە لە 1929 لە گوندی حەلواتی پارێزگای شەرقییەی میسر لە دایك بووە، لە 30ی ئادار 1977 بەهۆی نەخۆشیی بالهارزیا كۆچی دوایی كرد.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د