زستان و بەهاری ئەمساڵ جیاواز بوون و رێژەی بارانبارین زۆر بوو و زۆرینەی بەنداو و دەریاچە و پۆندەكان پڕ ئاو بوونە، كۆبوونەوەی ئاو و لافاو چەندان ناوچەی عێراقی گرتووەتەوە و هێشتا وریایی لە دروستبوونی لافاو دەدرێت، دەستەی كەشناسیی عێراق دووپاتی كردەوە كە كاریگەریی ئەو شەپۆلەی بارانبارینە تا شەوی هەینی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
بەپێی
بەیاننامەیەكی دەستەی كەشناسیی عێراق، تا ئێستە وریاكردنەوە بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و دروستبوونی لافاو لە زۆرینەی ناوچەكان بەردەوامە، لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ئەو كەشە باراناوییە تا بەیانیی رۆژی هەینی داهاتوو بەردەوام دەبێت، لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و باكور تا ئێوارەی هەینی بەردەوام دەبێت.
زیاتر دەڵێت، لە ناوچەكانی هەرێم و باكور و رۆژهەڵات زیاترین رێژەی باران دەبارێت و بارانەكە توند دەكات، لە ناوچەكانی تر بارانەكە ناوەند و جارجار توند دەبێت، هاووڵاتییان دەبێت چاودێریی زانیارییەكان بكەن و ئەو رێنوێنییانەی پێیان دەدرێت لەو بارەوە.
شایەنی باسە دوێنێ وەزارەتی ناوخۆی عێراق دانیشتووانی پێنج پارێزگای عێراقی لە ئەگەری دروستبوونی لافاو بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ وریا كردەوە، داوای لێ كردن خۆیان لە شوێنە نزمەكان و نزیك رێڕەوی ئاو و رووباراكەكان بەدوور بگرن، هاوكات لە چەند پارێزگایەك كرایە پشوو بەهۆی پێشبینیی بارانبارینی زۆر و بەخوڕ.