هاووڵاتییەكی كورد رەزامەندیی وەرگرت بۆ ئەوەی زمانی كوردی هاوشێوەی زمانی جیهانییەكان بخرێتە ناو پرۆگرامەكانی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان.
ئەمڕۆ دووشەم 30ـی ئادار، بۆكان جاف شارەزای تەكنەلۆجیا، بە "وشە"ـی راگەیاند، دوای هەوڵێكی ماندوونەناسانەی چەندان ساڵە، بە شانازییەوە ڕای دەگەیەنین كە بە پاڵپشتیی زانكۆی جیهان، ڕەزامەندیی فەرمیمان پێ درا بۆ دەستپێكردنی پڕۆژەی ئامادەكردنی داتاكانی زمانی كوردی لەلایەن دامەزراوەی یونیكۆد (Unicode)، كە ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتیی قازانج نەویستە و بنكەكەی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایە.
زیاتر گوتی، ئەم هەنگاوە ستراتیجییە وا دەكات زمانی كوردی بە شێوەیەكی ستاندارد و هاوچەرخ بچێتە نێو سەرجەم سیستمە جیهانییەكانی وەك ئەندرۆید، iOS، مایكرۆسۆفت ویندۆز، وێبگەرەكان، تەلەڤزیۆنە زیرەكەكان و یارییە ئەلیكترۆنییەكان.
ئااماژە بەوەش كرد، لە داهاتوویەكی نزیكدا هاوشێوەی زمانە جیهانییەكانی تر، كۆمپانیا زەبەلاحەكانی تەكنەلۆجیا ئەم داتایانە بەكار دەهێنن و زمانی كوردی بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیكی دەبێتە بەشێك لە نوێترین بەرهەمەكانیان.