لەگەڵ هاتنی بەهار و پشكوتنی گوڵدا باسی هەنگ دێتەوە ئارا، هەنگ بەشێكی زۆری ئەو گوڵانە دەپیتێنێ، ئەمەش یارمەتیدەرە تا بەرهەمیان زیاتر بێت، بەشی زۆری خواردنەكانی مرۆڤ بەهۆی هەنگەوە وەبەردێن.
مرۆڤ بەگشتی هەنگ تەنیا بەهۆی هەنگوینەوە دەناسێت، كەمن ئەوانەی زانیارییان لەبارەیەوە هەبێـت، بوونی هەنگ زۆر گرنگترە لەوەی تەنیا هەنگوینمان بۆ بەرهەم بهێنن.
ئەگەرچی هەنگ هەنگوینی هەیە، خۆراكی شاهانەی هەیە، هەڵاڵەی هەیە كە سێ بەرهەمن بۆ مرۆڤ گەلێك بەسوودن، بەتایبەت خۆراكی شاهانە لە ئاستی دنیا خواستی لەسەرە و نرخەكەشی گەلێك بەرزە.
هەنگ لەناو سروشتدا كاری گرنگ ئەنجام دەدات، هەنگ بەرپرسە لە پیتاندنی یەك لەسەر سێی ئەو خۆراكانەی كە ئێمە دەیانخۆین، بەبێ ئەوان، زۆربەی میوە، سەوزە و دانەوێڵەكان ناتوانن بەرهەم بێن.
نەمانی هەنگ دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی سەرچاوە خۆراكییەكان لە دنیادا، ئەمەش نرخەكان بەشێوەیەكی خەیاڵی بەرز دەكاتەوە و مەترسیی برسێتی دروست دەكات.
بەنەمانی هەنگ تەنیا مرۆڤ زیانمەند نابێت، بەڵكو گیانلەبەرانی تریش كە خۆراكیان لەسەر ئەو ڕووەكانەیە كە هەنگ دەیانپیتێنێت، ڕووبەڕووی لەناوچوون دەبنەوە و هاوسەنگیی سروشت تێكدەچێت.
كەرتی كشتوكاڵ لە دنیادا ساڵانە بە ملیاران دۆلار قازانج لەو پیتاندنە سروشتییە دەكات كە هەنگەكان بە خۆڕسكانە ئەنجامی دەدەن، نەمانیان زیانێكی ئابووری گەورە بە دنیا دەگەیەنێت.