ئەندەنووسیا.. پێكدادانی دوو شەمەندەفەر حەوت كوژراوی لێ كەوتەوە

:: AM:09:16:28/04/2026 ‌

كۆمپانیای هێڵی ئاسنینی ئەندەنووسیا بەیانی ئەمڕۆ سێشەم ئاشكرای كرد، لە ئەنجامی خۆبەیەكداكێشانی دوو شەمەندەفەر لە نزیك جاكارتای پایتەختی ئەو وڵاتە، حەوت كەس گیانیان لە دەست دا و دەیانی تریش بریندار بوون.

ئانا بۆربا گوتەبێژ بە ناوی هێڵی ئاسنینی ئەندەنووسیا ئاشكرای كرد، پرۆسەی گەڕان و بەهاناوەچوون بۆ ڕزگاركردنی سەرنشینانی هەردوو شەمەندەفەرەكە بەردەوامی هەیە، تا ئێستەیش دوو كەس لە ناو پارچەكانی هەردوو شەمەندەفەرەكە گیریان خواردووە و تیمەكانی فریاگوزاری هەوڵی رزگاركردنیان دەدەن.

لەبارەی ژمارەی قوربانییەكانەوە گوتەبێژەكە گوتی، حەوت كەس گیانیان لە دەست داوە و 81 كەسی تریش بریندار بوون.

ڕووداوەكە لە وێستگەی شەمەندەفەری بیكاسی تەیموور بووە كە تەنیا 25 كیلۆمەتر لە جاكارتای پایتەختی ئەو وڵاتە دوورە.

فەرماندەی پۆلیسی جاكارتا "ئەسیب ئیدی سوهێری" گوتی، یەكێك لە شەمەندەفەرەكان خۆی كێشاوە بە دوا فارگۆنی شەمەندەفەری پێش خۆی، كە تایبەتە بە شوێنی دانیشتنی ژنان لە هێڵێكی شەمەندەفەری دەوروبەری پایتەخت.

پێشتر فرانس پرێس بڵاوی كردەوە، ژمارەیەكی زۆری سەرنشینان لە ناو پارچەكانی هەردوو شەمەندەفەر ڕزگار كراون و خراونەتە ناو ئۆتۆمبێلی فریاكەوتنەوە و بۆ نەخۆشخانەكان گوێزراونەتەوە، سەتان لە سەرنشینان و خەڵكی دەوروبەری شوێنەكەیش تووشی شۆكێكی گەورە هاتوون.


وشە - باز ئه‌حمه‌د