سەماكارەكەی گۆرانییەكانی ئوم كەلسووم كۆچی دوایی كرد

:: AM:11:08:03/05/2026 ‌
سوهێر زەكی كە لە دەیەكانی شەست و حەفتاكانی سەدەی رابردوو، ئەستێرەیەكی ناوداری سەمای رۆژهەڵاتی بوو لە میسر، وەك میدیاكانی ئەو وڵاتە بڵاویان كردووەتەوە، دوێنێ شەموو لە تەمەنی 81 ساڵی و بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد.

پێگەی "شەفەق نیوز" كە هەواڵەكەی لە میدیاكانی میسر وەرگرتووە و ئاماژەی داوە، سەماكاری رۆژهەڵاتی و ئەكتەری ناوداری میسر "سوهێر زەكی" لە تەمەنی 81 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد، هاوكات لە سەرەتادا مەمدووح مووسای راگەیاندكار لە رێگەی فەیسبووكی خۆی هەواڵەكەی بڵاو كردەوە، دواتر دوێنێ بووە گەرمترین هەواڵی میدیاكان.

باس لەوە دەكرێ كە ماوەی چەند مانگێكە ئەو سەماكارە تووشی نەخۆشی بووە و بۆ نەخۆشخانە گوازراوەتەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەر، دووپات دەكرێتەوە كە جەستەی تووشی وشكبوونەوە بووە و كێشەی لە سییەكان و هەناسە هەبووە، دواتریش دوێنێ هەر لە نەخۆشخانە كۆچی دوایی كرد.

سوهێر زەكی كە لە ساڵی 1945 لە شاری مەنسوورەی میسر لە دایك بووە، لە ژیانی هونەریی خۆیدا وەك ئەكتەر بەشداریی لە زیاتر لە 50 فیلمی سینەماییدا كردووە، جیا لە نمایشە سەماییەكانی كە خۆیان لە سەتان دەدەن. هاوكات ئەو هونەرمەندە بەوە دەناسرێتەوە كە سەمای تایبەتی بۆ ریتم و ئاوازی گۆرانییەكانی هونەرمەندی گەورە "ئوم كەلسووم" داهێناوە، بۆ ئەوەیش وەك قوتابخانەیەك لە مێژووی سەمای رۆژهەڵاتی لە میسر باس دەكرێت.

دوا كارە هونەرییەكانی سوهێر زەكی بۆ سەرەتای دەیەی نەوەتەكان دەگەڕێتەوە، لەوكاتەوە بەیەكجاری وازی لە كاری هونەریی هێنا و لە رۆشنایی میدیاكانیش خۆی دوور خستەوە، تەنیا ویستوویەتی ئەوەی لە ژیانیدا ماوە بە هێمنی و ئاسوودەیی رۆژگارەكانی بەڕێ بخات.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د