كەشناسیی عێراق: سبەی خۆڵبارینە

:: PM:07:57:11/05/2026 ‌

دوای كۆتاهاتنی وەرزێكی زستانی دەوڵەمەند بە بارانی بەخوڕ و دەست پێكردنی بەهارێكی پڕ لە شەپۆلە بەهێزەكانی با و باران و تەرزە، خەریكە ئاووهەوایەكی گەرمی هاوینە تێكەڵی وەرزی بەهار دەبێت و شەپۆلەكانی خۆڵبارین سەر هەڵدەدەن، دەستەی كەشناسیی عێراق پێشبینی دروستبوونی خۆڵبارینێكی سووك لە تەواوی ئاسمانی عێراق سبەی سێشەم دەكات.

عامر جابری بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی كەشناسیی عێراق گوتی، سبەی سێشەم خێرایی با زیاد دەكات و دەگاتە ئاستی 40 كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا، ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی خۆڵبارین، بەڵام بێ دروستبوونی رەشەبای خۆڵاوی وەك ئەوەی بەر لە دوو رۆژ پارێزگای ئەنباری گرتەوە و مەودای بینین كەم كردەوە.

زیاتر گوتی، تا ئێستە هیچ ئاماژەیەك بۆ كاریگەریی یان وەستانی گەشتە ئاسمانییەكان بەهۆی خۆڵبارینەكەوە نییە، هەرچی رۆژانی چوارشەم و پێنجشەمی ئەم هەفتەیە، جابری پێشبینی كرد كە لەو دوو رۆژە پلەكانی گەرما كەمێك نزم ببنەوە و بارنێكی سووك ببارێت، بەڵام بێ بوونی ئاماژە بۆ بارانی بەخوڕ و دۆخی ناسەقامگیری ئاوهەوا. 

ئەوە لەوكاتەی ئەمڕۆ دووشەم شاڵاو هیدایەت شارەزای كەشناسی بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ و لە شەویشدا تا سبەی سێشەم، ئەگەری تاوەباران و هەورەبرووسكە لە ناوچەی جیاجیاكان هەیە و بڕی بارانەكە كەمە، بەڵام هەندێ خۆڵبارین و قوڕاویشی لەگەڵدایە. 

باسی لەوە كردووە كە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە بۆ سەرەوە، حاڵەتێكی بەهێزی تاوەباران و هەورەبرووسكەی تر بە دوو قۆناغ ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە، بۆ بەشێكی زۆری ناوچەكە پێشبینیی بارانی باشی لێ دەكرێت و لە هەندێ شوێن ئەگەری لافاو هەیە لەگەڵ بارینی تەرزە.
  


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل