بوومەلەرزەیەكی بەهێز لە مەلاتیای باكوری كوردستان ڕووی دا

:: AM:10:08:20/05/2026 ‌
بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەم بوومەلەرزەیەك بە گوڕێكی بەهێز، پارێزگای مەلاتیای باكوری كوردستان "توركیا"ی هەژاند و تا ئێستە هیچ زانیارییەكیش لەبارەی بوونی زیانی گیانی و مادی ڕانەگەیەنراوە.

بەڕێوەبەرایەتیی كارەساتەكان و فریاكەوتنی توركیا "ئیفاد" لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە، سەعات نۆی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەم بوومەلەرزەیەك پارێزگەی مەلاتیای باشووری توركیای هەژاند.

ئاماژەی داوە، بوومەلەرزەكە بە گوڕی 5.6 پلە بە پێوەری ڕێختەر بووە و لە قووڵایی 7.3 كلیۆمەتر لە ناو زەوی ڕووی داوە، چەقی بوومەلەرزەكەیش شارۆچكەی "بەتەل غازی" سەربە پارێزگاكە بووە.

بەڕێوەبەرایەتییەكە ڕێوشوێنی پێویستی گرتووەتەبەر و ئامادەكاریی كردووە، بەڵام هیچ زانیارییەكی لەبارەی بوونی زیانی مادی و مرۆیی لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزە ڕانەگەیاندووە.

جێی باسە هەر ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەكی تر بە گوڕی 4.7 پلە بە پێوەری ڕێختەر پارێزگای هورمزگانی باشووری ئێرانی هەژاند، بەهەمانشێوە تا ئێستە زیانەكانی ئەو بوومەلەرزەیەیش ڕانەگەیەنراون.


وشە - باز ئه‌حمه‌د