لە ئەنجامی تەقینەوەیەكی غاز لە كانێكی دەرهێنانی خەڵووز لە هەرێمی شانشی لە باكوری چین، 82 كەس گیانیان لە دەست دا و سەرۆكی ئەو وڵاتەیش فەرمانی بە خستنەگەڕی هەموو هەوڵەكان كرد، بۆ ڕزگاركردنی كەسانی ناو كانەكە.
ئاژانسی هەواڵی شینخوای چینی بڵاوی كردەوە، درەنگانی شەوی ڕابردوو بەهۆی دەرچوونی غازەوە تەقینەوە لە كانی خەڵووزی لیو شین یو لە ناوچەی چین یوان ڕووی دا، لەو كاتەیشدا 247 كرێكار لە ناو كانەكە بوون و كاریان دەكرد.
بەگوێرەی
زانیارییەكان، تا ئێستە 82 كەس لە ئەنجامی تەقینەوەكە گیانیان لە دەست داوە، هەڵمەتی گەڕان و هەڵدانەوەی كانەكە بۆ ڕزگاركردنی كرێكارانی تر بەردەوامیی هەیە.
شین جین پینگ سەرۆكی چین فەرمانی كرد، هەموو هەوڵ و توانای داودەزگەكانی دەوڵەت لەو ناوچەیە بخرێتەگەڕ، بۆ ڕزگاركردنی كرێكارانی تر و گەیاندنی برینداران بە پەلە بۆ نەخۆشخانەكان و ئەنجامدانی سەرجەم پێویستییە پزیشكییە لە ناكاوەكان بۆ برینداران.
هاوكات فەرمانی ئەوەیشی كرد، لێكۆڵینەوەیەكی ورد و فراوان لەبارەی هۆی تەقینەوەكە بكرێ و ڕێوشوێنی توندیش بەگوێرەی یاسا لەسەر دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەكە بگیرێتەبەر.
هاوكات لی چی یانگ سەرۆك وەزیرانی چین، قسەكانی سەرۆكی دووبارە كردەوە و ئاماژەی دا، پێویستە زانیارییەكان لەبارەی ئەو ڕووداوە لە كاتی گونجاو و بە وردی بڵاو بكرێتەوە و بەلاڕێدا نەبرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی فریاكەوتن و بەهاناوەچوونی ناوچەی چین یوان دووپاتی كردەوە، هەڵمەتی گەڕان و ڕزگاركردنی كرێكاران بەردەوامی هەیە و لە تەك ئەمەیشدا تیمێكی تایبەت خەریكی لێكۆڵینەوەن لە هۆكاری تەقینەوەكە.