زانکۆی سەڵاحەدین بڵاوی کردەوە، قوتابییەکی دکتۆرای زانکۆکەیان توانیویەتی ڕووداوێکی جێۆلۆجی مێژوویی 183 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر، بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عێراق لە پارێزگای هەڵەبجە بدۆزێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 5ـی حوزەیران،
زانکۆی سەڵاحەدین ئاشکرای کرد کە مامۆستا عیرفان شەعبان ئەسعەد، قوتابی دکتۆرا لە بەشی زانستەکانی زەوی و نەوت لە کۆلێژی زانستی زانکۆکە، لە چوارچێوەی پڕۆژەی دکتۆراکەیدا گەیشتووەتە ئەم دەستکەوتە زانستییە بێپێشینەیە.
زانکۆکە ئاماژەی بەوەیش کردووە، ڕووداوە جێۆلۆجییەکە بە "کەمبوونەوەی ئۆکسجینی ئۆقیانۆسەکان لە چاخی تۆرشیان" ناسراوە، کە لە ناو چینە بەردەکانی پێکهاتووی جیۆلۆجی (سێهکانیان) لە دۆڵی سیروانی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە تۆمار کراوە. ئەم توێژینەوەیە لە یەکێک لە بەناوبانگترین گۆڤارەکانی بواری جیۆلۆجی جیهانی بە ناوی (Geological Journal) بڵاو کراوەتەوە.
هەروەها، ئەم قوتابییە کارە پراکتیکییەکانی پڕۆژەکەی لە زانکۆی "یاگۆلینایی" لە وڵاتی پۆڵەندا ئەنجام داوە، ئەمەیش لە چوارچێوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو زانکۆ و بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی پڕۆفیسۆر د. کامران یۆنس، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین بووە. پڕۆژەکەش لەژێر سەرپەرشتی پ.د. محمد فخری و پ.د. سەردار باڵەکی ئەنجام دراوە.