مۆندیالی 2026 بۆ یاریزانان قورس دەبێت

:: PM:05:42:11/06/2026 ‌
ئەو وڵاتانەی بەشداری لە جامی جیهانی 2026ی فیفادا دەكەن كە بە هاوبەشی لەلایەن ئەمەریكا، كەنەدا و مەكسیكەوە میوانداری دەكرێت، جگە لە ڕكابەریی یەكتر، ڕووبەڕووی گەرمای توند و كەشوهەوای نالەباریش دەبنەوە.

جامی جیهانی 2026، كە وەك یەكێك لە گەرمترین خولەكانی ئەم ساڵانەی دوایی دادەنرێت، دەكرێت بەهۆی زریانەكانەوە ڕووبەڕووی دواخستن یان هەڵوەشاندنەوەی یارییەكان ببێتەوە.

لەم خولەدا كە بۆ یەكەمجار 48 وڵات تێیدا بەشدارن، لە زۆربەی ئەو شارانەی میوانداری 104 یارییەكە دەكەن، كەشێكی گەرمی كەشوهەوا زاڵە.

شیكارییەكان دەریدەخەن كە زۆربەی یارییەكان لە پلەی گەرمی سەروو 32 پلەدا ئەنجام دەدرێن و لە هەندێك یاریگادا هەست بە گەرمییەكی زیاتر دەكرێت.

پێشتر لە جامی جیهانی 1994ی ئەمەریكادا، یاریی نێوان مەكسیك و ئێرلەندا لە شاری ئۆرلاندۆ بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بۆ 47 پلە، وەك یەكێك لە قورسترین یارییەكانی مێژووی ئەم خولە تۆمار كرا.



وشە - وشه‌