تیکتۆک دەیەوێت ببێتە ڕکابەری واتسئەپ و مێسنچەر!

:: PM:10:51:11/06/2026 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم 11ی حوزەیرانی 2026، پلاتفۆرمی تیکتۆک خەریکی تاقیکردنەوەی تایبەتمەندییەکی نوێیە کە ڕێگە دەدات بەکارهێنەران ڕاستەوخۆ لە ناو نامە تایبەتەکانەوە (چات) پەیوەندیی دەنگی ئەنجام بدەن، کە ئەم هەنگاوە دەکرێت بەرنامەی ڤیدیۆ کورتەکان بکاتە ڕکابەرێکی بەهێزتر بۆ بەرنامەکانی نامەگۆڕینەوەی وەک واتسئەپ و مێسنچەر.

جۆنا مەنزانۆ، توێژەری تەکنیکی، لە پلاتفۆرمی "ئێکس" ئەم تایبەتمەندییە نوێیەی ئاشکرا کرد و چەند وێنەیەکی بڵاو کردەوە کە تێیدا ئاگادارکردنەوەیەک بۆ پەیوەندییەکی هاتوو بە ناوی "TikTok Audio" دەردەکەوێت، لەگەڵ ئایکۆنێکی نوێی تەلەفۆن لە ناو ڕووکاری نامە تایبەتەکاندا.

بەپێی ئەو تاقیکردنەوانەی مەنزانۆ ئەنجامی داون، تایبەتمەندییەکە بە شێوەیەکی هاوشێوەی پەیوەندییە دەنگییە باوەکان کار دەکات، بە جۆرێک دەکرێت ڕاستەوخۆ لە ناو چاتە تایبەتەکانی نێوان بەکارهێنەراندا دەست بە پەیوەندییەکە بکرێت، بە مەرجێک پێشتر هەردوو لا لە لیستی هاوڕێیانی یەکتر بن لەسەر پلاتفۆرمەکە بۆ ئەوەی ڕێگە بە ئەنجامدانی پەیوەندییەکە بدرێت.

پێشتر لە مانگی ئابی ڕابردوودا، تیکتۆک توانای ناردنی تێبینیی دەنگی (ڤۆیس) لە ناو نامە تایبەتەکاندا زیاد کرد، لەگەڵ پاڵپشتیکردنی ناردنی وێنە و ڤیدیۆ لە ناو چاتەکاندا.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، کۆمپانیاکە بە خێرایی کۆمەڵێک تایبەتمەندیی نوێی زیاد کردووە، لەوانە چاتی بەکۆمەڵ (گرووپ چات)، زنجیرەی کارلێککردن لە ناو نامە تایبەتەکاندا، کەناڵەکانی تایبەت بە پەخشکردن و تێبینییە دەنگییەکان. هەروەها بەم دواییە یارییەکی بچووکی شاراوەی لەسەر بنەمای ئیمۆجییەکان لە ناو نامە تایبەتەکاندا خستە کار، کە لە چاتە تاکەکەسی و بەکۆمەڵەکاندا کار دەکات، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ بەهێزکردنی کارلێککردن و زیادکردنی ئەو کاتەی بەکارهێنەران لە ناو بەرنامەکەدا بەسەری دەبەن.



وشە - پۆڵا مەحموود