ڕۆناڵدۆی دیاردە پێشبینیی پاڵەوانی مۆندیالی 2026 دەکات

:: AM:09:17:12/06/2026 ‌
ئەستێرەی مێژوویی تۆپی پێی بەڕازیل ڕۆناڵدۆ نازاریۆ ناسراو بە "دیاردە"، هەردوو هەڵبژاردەی ئیسپانیا و فڕەنسای بۆ بردنەوەی نازناوی مۆندیالی 2026 بەربژێر کرد، دووپاتی کردەوە کە ئەوان لە پێش سەرجەم هەڵبژاردەکانی ترن بۆ کێبڕکێکردن لەسەر نازناوەکە.

ڕۆناڵدۆ کە دوو جار مۆندیالی لەگەڵ هەڵبژاردەی بەڕازیل بردووەتەوە، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، هەردوو هەڵبژاردەی ئیسپانیا و فڕەنسا ئاستێکی نایاب لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی پێشکەش دەکەن. هەروەها گوتی، ئیسپانیا و فڕەنسا دیارترین بەربژێرن بەلای منەوە، لە ئێستەدا ئەوان لە پێش ئەو هەڵبژاردانەی ترن کە هەمیشە لە بازنەی کێبڕکێدان.

لێدوانەکانی "دیاردە" لە کاتی ئامادەبوونی بوو لە ئاهەنگی کردنەوەی مۆندیالی 2026 لە مەکسیک، کاتێک لە ناو یاریگەوە لە پاڵ ژمارەیەک لە ئەستێرە و پاڵەوانانی پێشووی جیهان کە لەلایەن یەکێتیی نێودەوڵەتیی تۆپی پێوە بۆ ئاهەنگەکان بانگهێشت کرابوون، چاودێریی ڕێوڕەسمی کردنەوەکەی دەکرد.

ڕۆناڵدۆ بەیەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی مێژووی تۆپی پێ هەژمار دەکرێت، کە بۆ چەندان ساڵ نازناوی گۆڵکاری مێژوویی مۆندیالی بە 15 گۆڵ پاراست، پێش ئەوەی میرۆسلاڤ کلۆزەی ئەڵمانی لە مۆندیالی 2014 لە بەڕازیل ئەو ژمارەیە بشکێنێت.

ڕۆناڵدۆ لە هەردوو وەشانی 1994 و 2002 نازناوی مۆندیالی لەگەڵ بەڕازیل بردووەتەوە، هەروەها لە ساڵی 1998 هەڵبژاردەی وڵاتەکەی گەیاندە یاریی کۆتایی، بەڵام ئەوکات تەنیا پلەی دووەمیان بەدەست هێنا.


وشە - پۆڵا مەحموود