ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست" بڵاوی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتی دوایین پشکنینی پزیشکیدا لەلایەن 22 پسپۆڕی پزیشکییەوە هەڵسەنگاندنی بۆ کراوە، ئەمەش ژمارەیەکە کە ڕۆژنامەکە بە بێپێشینە وەسفی کردووە بەراورد بەو پشکنینە پزیشکییانەی بۆ سەرۆکەکانی پێشووی ئەمەریکا کراون.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە داوە، ئەو ڕاپۆرتە پزیشکییەی کۆشکی سپی دوای پشکنینەکە بڵاوی کردووەتەوە، دەریخستووە 22 پزیشک و پسپۆڕ بەشدارییان لە هەڵسەنگاندنی دۆخی تەندروستیی سەرۆکە تەمەن 79 ساڵەکەدا کردووە، لە کاتێکدا ژمارەی پسپۆڕانی بەشداربوو لە پشکنینی سەرۆکەکانی پێشوو زۆر کەمتر بووە، بە جۆرێک تەنیا پێنج پزیشک بەشدارییان لە یەکەم پشکنینی جۆرج بوشی باوک لە ساڵی 1989دا کردووە، هەروەها 12 پسپۆڕ بەشدارییان لە یەکەم پشکنینی جۆرج بوشی کوڕدا کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، کۆشکی سپی ڕوونی نەکردووەتەوە کە سروشتی سەرجەم ئەو پسپۆڕییە پزیشکییانەی بەشدارییان لە پشکنینەکەدا کردووە چین، یان ئەو هۆکارانە چین کە وایان کردووە ئەو ژمارە زۆرەی پزیشکان بانگهێشت بکرێن، ئەمەش پرسیاری لە ناوەندە میدیایی و سیاسییەکاندا دروست کردووە دەربارەی ئەوەی تا چەند ئەمە پێوەندیی بە تەمەنی سەرۆک یان پێداویستییەکانی چاودێریی پزیشکیی دەورییەوە هەیە.
شۆن باربابێلا پزیشکی سەرۆک، لە ڕاپۆرتێکی فەرمیدا کە لە کۆتاییەکانی مانگی ئایاردا دەرچووە، دووپاتی کردەوە کە ترەمپ تەندروستییەکی زۆر باشی هەیە و بەتەواوی گونجاوە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکە سەرۆکایەتییەکانی، ئاماژەی بەوەش داوە کە پشکنینەکان سەلامەتیی فرمانەکانی دڵ، سییەکان و کۆئەندامی دەماریان دەرخستووە، سەرەڕای ئەوەی تاقیکردنەوەیەکی توانای درکپێکردنی بە ئەنجامی تەواوەوە بڕیوە.
ئاشکراکردنی ژمارەی ئەو پزیشکانەی بەشدارییان لە پشکنینەکەدا کردووە لە کاتێکدایە، کە چاودێری لەسەر دۆخی تەندروستیی سەرۆکی ئەمەریکا زیاد دەکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی لە تەمەنی 80 ساڵی، ئەمەش لە ناو داواکارییە بەردەوامەکان بۆ شەفافیەتی زیاتر دەربارەی تەندروستیی گەورە بەرپرسە هەڵبژێردراوەکان لە ئەمەریکا.
سەرەڕای ئەو مشتومڕەی کە ژمارەکە دروستی کردووە، ڕاپۆرتە پزیشکییەکەی کۆشکی سپی ئاماژەی بە بوونی هیچ کێشەیەکی تەندروستیی مەترسیدار لای ترەمپ نەداوە، و دووپات دەکاتەوە کە بەردەوامە لە هەبوونی توانای جەستەیی و مێشکی کە شیاوی دەکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی.