ئیسماعیل تەنیا: زیاد ئەسعەد سۆسیالیست بوو

:: PM:06:41:14/06/2026 ‌
ئیسماعیل تەنیا شاعیر و نووسەری كورد لە نووسینێكدا زانیاری لەبارەی زیاد ئەسعەد ئاشكرا دەكات و چیرۆكی هۆنراوەی شەی شۆخەكەی دەم خۆخەكەی دەگێڕیتەوە كە چۆن نووسراوە.  

ئیسماعیل تەنیا شاعیر و نووسەر نووسیویەتی،  وەك هەولێرییەك، هونەرمەند زیاد ئەسعەدم لە كۆتایی ساڵی 1987 دا ناسی لە ناوەڕاستی ساڵی 1988دا، لەڕێی سەعدوڵا شێخانی "یەوە، بووینە برادەر، لە شەوی  16/12/ 1988، وەك هاوڕێیەكی بەوەفا بە گۆرانییە بەسۆز و خۆشەكانی لە گەڕەكی مەنتكاوە، بەشداری ئاهەنگی هاوسەرگیری منی كرد، بەڵام لەدوای ڕاپەڕین بەهۆی ئەوەی كە ماڵباتەكەی پێوەندییان بە حزبی سۆسیالیستی كوردستان هەبوو، عەبدولڕەزاق ئەسعەد مەجیدی برایشی شەهیدی سۆسیالیست بوو،  زیادیش بووە هونەرمەند و  ئەندامێكی كارای تیپی مۆسیقای شەهید كاردۆ ی سەر بە سۆسیالیست.

ئەو نووسەرە وەك بیرەوەری نووسیویەتی، هاوتا ئەسعەد "كاكەڕەش"ی براشی لە سەرەتای هەشتاكانەوە، ئەندامێكی چالاكی ڕێكخستنەكانی ئەو حزبە بوو، چەندان جار لەكاتی كۆپی كردنی پۆستەری شەهیدان و بەیاننامەكانی حزب، هاوكاری دەكردین ئەوكات؛ هاوتا كارمەندی بەشی تایپ بوو لە بنكەی پۆلیسی ئالیات لە سەیداوە.
 
ئیسماعیل تەنیا هەر لەو نووسینەدا چیرۆكی هۆنراوەی " ئەی شۆخەكەی دەم خۆخەكەی" دەگێڕێتەوە كە لەلایەن ڕەشید ئەحمەد ڕواندزی نووسراوە و زیاد ئەسعەد كردوویەتی بە گۆرانی. بە قسەی ئەو شیعرە لە لۆفەكانی هەیبەت سوڵتان لە كۆیەوە گەشەی كردووە تا بووە بەو بەرهەمەی ئێستە لە گوێی هەموو گوێگڕانی زیاد ئەسعەد ماوە. 

ئەو دەڵێ‌، رەشید ئەحمەد رواندزی دوای ڕاپەڕین پێكەوە كەوتینە یەك حزب و كاری سیاسیی و ڕێكخراوەییمان كردووە لە ڕێكخراوی یەكێتیی مامۆستایانی سۆسیالیستی كوردستان،  لە ڕۆژی پێنجشەم،20ی شوباتی 1992 بۆ بەشداری لە كۆنفڕانسی یەكێتیی مامۆستایانی سۆسیالیستی كوردستان چووینە رانیە  لە هەورازەكانی هەیبەت سوڵتان سەردەكەوتین، شیعرەكەی خۆی (ئەی شۆخەكەی دەم خۆخەكەی ) بە دەنگ و ئاوازەوە بۆ گوتین، دواتر، هونەرمەند زیاد ئەسعەد بە هەندێك دەستكاری كەمەوە، كردییە گۆرانی، لە ئاهەنگ و بۆنەكاندا، دەیگوتەوە. 

ئیسماعیل تەنیا نووسەرێكی كوردە لە هەولێر لە دایك بووە و لە سەرەتای هەشتەكان دەستی بە نووسین و وەرگێڕان كردووە.

 ئیسماعیل تەنیا لە ناوەڕاستی نەوەدەكان رووی لە دەرەوە كردووە و لە ئەڵمانیا دەژیت و خاوەنی زیاتر لە 30 كتێبە لە بوارەكانی ئەدەب و لێكۆڵینەوەی ئەدەبی و مێژوو. 

تەنانەت كتێبێكی لەبارەی مێژووی حزبی سۆسیالیستی كوردستان نووسیوە و لە ساڵی 2019 لە هەولێر چاپ و بڵاوكراوەتەوە.



وشە - وشه‌