شارەزایانی تەکنەلۆجیا ئاشکرای دەکەن، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەبێتە هۆی خێرا دابەزینی پاتریی مۆبایلەکەت، لەکارکەوتنی شاشە، یان گەرمبوونی لەڕادەبەدەر کە زیانی هەمیشەیی بە ئامێرەکە دەگەیەنێت.
بەپێی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری "Level UP"، زۆربەی مۆبایلە زیرەکەکان وا دروست کراون کە لە نێوان 0 بۆ 35 پلەی سیلیزیدا بە سەلامەتی کار بکەن. کاتێک لەم سنوورە تێدەپەڕێت، بەتایبەتی لەبەر تیشکی ڕاستەوخۆی خۆر، پلەی گەرمیی ناوەوەی بەخێرایی بەرز دەبێتەوە.
لێرەدا حەوت ڕێگەی سەلمێنراو دەخەینە ڕوو بۆ پاراستنی مۆبایلەکەت لە گەرمای هاوین:
1- هەرگیز لە ئۆتۆمبێلی وەستاو جێی مەهێڵە:
پلەی گەرمی لە ناو ئۆتۆمبێلێکی وەستاودا لە ماوەی چەند خولەکێکدا دەگاتە سەرووی 54 پلەی سیلیزی. مۆبایلەکەت، بەتایبەتی ئەگەر لەسەر داشبۆرد بێت، ئەم گەرمایە وەک ئیسفەنج دەمژێت، ئەمەش پاتری و شاشەکەی تێکدەدات.
2- مۆدی فڕین (Airplane mode) کارا بکە:
لەو ناوچانەی شەپۆلی تۆڕەکان لاوازە، مۆبایلەکەت ناچارە زیاتر کار بکات بۆ دۆزینەوەی تاوەرەکانی پێوەندی، ئەمەش پاتری خەرج دەکات و گەرما دروست دەکات. ئەگەر پێویستت بە ئینتەرنێت یان پێوەندی نییە، مۆدی فڕین کارا بکە بۆ پشوودان بە مۆبایلەکەت.
3- لە کاتی گەرمبوونیدا شەحنی مەکە:
شەحنکردن بە شێوەیەکی سروشتی گەرما دروست دەکات. شەحنکردنی مۆبایلێک کە خۆی گەرم بێت، دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە پارچەکانی ناوەوەی. بۆیە با سارد ببێتەوە ئینجا بیخەرە سەر شەحن. لە هاوینیشدا دوور بکەوەرەوە لە شەحنی بێوایەر، چونکە گەرمای زیاترە لە وایەر.
4- لەسەر داشبۆردی ئۆتۆمبێل دایمەنێ:
بەکارهێنانی نەخشە (GPS) و دانانی مۆبایل لەسەر داشبۆرد بە ڕۆژدا، کێشەیەکی گەورەیە. تیشکی خۆر، کارکردنی بەردەوامی GPS و ئینتەرنێت، کێشەکە قورستر دەکات. تەنیا نەخشەی دەنگی بەکار بهێنە، ڕووناکیی شاشە کەم بکەوە و لە نزیک فێنککەرەوەی ئۆتۆمبێلەکەت دایبنێ.
5- مۆدی پاشەکەوتی پاتری (Battery Saver) کارا بکە:
ئەم مۆدە ئەرکی پرۆسێسەر کەم دەکاتەوە، بەرنامە ناپێویستەکانی باکگراوند ڕادەگرێت و ڕووناکیی شاشە کەم دەکاتەوە، کە ئەمانە هەموویان یارمەتیدەرن بۆ کەمکردنەوەی گەرمیی مۆبایلەکە لە کاتی چوونە دەرەوەدا.
6- لە تیشکی ڕاستەوخۆی خۆر دووری بخەوە:
شوشە و ئەلەمنیۆمی مۆبایلەکەت زۆر خێراتر لەوەی پێشبینی دەکەیت گەرم دەبن. هەمیشە مۆبایلەکەت لە سێبەردا دابنێ، یان بیخەرە ناو جانتاوە، و دوور بکەوەرەوە لە کەڤەری ڕەش چونکە گەرما لەخۆی دەگرێت.
7- بەرنامەکانی باکگراوند دابخە:
ئەو بەرنامانەی لە باکگراونددا کار دەکەن (وەک ئیمەیڵ، سۆشیال میدیا و سینک)، بەردەوام وزە خەرج دەکەن و گەرما دروست دەکات. پێش ئەوەی بچیتە ناو گەرما، هەموو ئەو بەرنامانە دابخە کە بەکاریان ناهێنیت.