زانا هۆڵەندییەكە وریایی دەدات

:: PM:06:01:25/06/2026 ‌

دوێنێ دوو بوومەلەرزەی بەهێز ڤەنزوێلایان هەژاند و بەو هۆیەوە ژمارەیەكی زۆر كوژراو و بریندار هەیە، بەر لە بوومەلەرزەكان فرانك هو گربیتس زانا و توێژەری هۆڵەندایی وریایی لە روودانی بوومەڵەرزە لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوو دابوو، ئەوەش جارێكی تر مشتومڕی دروست كرد.

دوای بوومەلەرزەكانی دوێنێی ڤەنزوێلا جارێكی تر رووناكی خرایە سەر پێشبینییەكانی ئەو توێژەرە هۆڵەندییە، بەتایبەتی كە بەر لە بوومەلەرزەكان وریایی لە بوونی چالاكیی بوومەلەرزەیی لە دوو رۆژی داهاتوو دابوو، ئەوەش لەسەر بنەمای نزیكبوونەوە و كەوتنە سەر یەك هێڵی هەسارەكان و زەوی و دروستبوونی دۆخێكی شلۆق و ناهەموواری گەردوونی.

هو گربیتس سەرۆكی دەستەی رووپێویی ئەندازەیی كۆمەڵەی خۆر وێنەیەكی بڵاو كردووەتەوە، شوێنی هەسارەكانی عەتارد و ئۆرانۆس و مەریخ پێشان دەدات، ئەو پێی وایە ئەو ریزبوونە گەردوونییە پێوەستە بە زیادبوونی چالاكیی بوومەلەرزەیی، وریاكردنەوەی ئەو توێژەر بەر لە چەند سەعاتێك لە دوو بوومەلەرزەكەی ئێوارەی دوێنێی ڤەنزوێلا هات، بەوەش جارێكی تر مشتومڕی لەبارەی پێشبینییەكانی دروست كردەوە، لەو كاتەی زانایان دەڵێن بوومەلەرزە پێشبینی ناكرێت. 

لەوكاتەی توێژەرە هۆڵەندییەكە لە پێشبینییەكانی پشت بە ئەندازەی ریزبوونی هەسارەكان و كاریگەرییان لەسەر چینەكانی زەوی دەبەستێت، زانایانی جیۆلۆجیا و بوومەلەرزەزانی پێیان وایە ئەو توێژەرە لە پێشبینییەكانی پشت بە بنەمایەكی زانستی نابەستێت، چونكە هیچ بەڵگەیەك لەسەر هەبوونی پێوەندی لە نێوان جووڵەی هەسارەكان و روودانی بوومەلەزە لەسەر زەوی نییە، جیا لەوە تا ئێستە ناتوانرێت لە رووی زانستییەوە پێشبینی وردی روودانی بوومەلەرزە بكرێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل