ئەمڕۆ شەموو بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 5.4 پلە بە پێوەری ڕێختەر پاكستانی هەژاند، تا ئێستەیش هیچ ڕاپۆرت و زانیارییەك لەبارەی زیانە گیانی و مادییەكان لەو وڵاتەوە بڵاو نەكراوەتەوە.
ناوەندی ئەوروپا بۆ چاودێریكردنی بوومەلەرزەكان بڵاوی كردەوە، بوومەلەرزەكەی پاكستان قووڵاییەكەی 35 كیلۆمەتر بووە، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە دەسەڵاتدارانی پاكستان تا ئێستە شوێنی بوومەلەرزەكە و زیانی مادی و گیانیان بڵاو نەكردووەتەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا لایەنە پێوەندارەكان بەردەوام چاودێری دۆخی ناوچەكە دەكەن و دووپات لەوە دەكەنەوە، گوڕی بوومەلەرزەكە هێندە بەهێز نەبووە، بەڵام لە ئامادەباشیدان لە ئەگەری هەر زیان و كارەساتێك تا بە هانای خەڵكی ئەو وڵاتە بچن.
پاكستان یەكێكە لەو وڵاتانەی كە كەوتووەتە سەر ڕەگی بوومەلەرزە، بۆیە چاوەڕوانكراوە بە بەردەوامی ساڵانە بوومەلەرزە لە ناوچە جیاجیاكانی ڕوو بدات.
بەتایبەت ناوچەكانی باكور و ڕۆژئاوای وڵاتەكە بوومەلەرزەی زۆری لێ ڕوو دەدات، بەهۆی بەریەككەوتنی توێژی زەویی هیندستان بە توێژی ئۆراسیا.
ئەو بوومەلەرزەیەی لە 2005 تووشی پاكستان بوو، بە زیانمەندترین بوومەلەرزە هەژمار دەكرێت، كە بووە هۆی گیان لەدەستدانی 70 هەزار كەس و وێرانبوونی تەواوەتی چەندان ناوچەی وڵاتەكە.