زیانەكانی بوومەلەرزە لە ڤەنزوێلا.. 920 قوربانی و 51 هەزار بێسەروشوێن

:: AM:11:13:27/06/2026 ‌
سێ ڕۆژە ڤەنزوێلا بە دۆخێكی زۆر كارەساتبار تێدەپەڕێت، خەڵكی خەریكی هەڵكەندن و لادانی پاشماوەی خانوو و تەلارە بەسەریەك داڕووخاوەكانن، تا بێسەروشوێنان ڕزگار بكەن و قوربانیان بدۆزنەوە، ئەمەیش بەهۆی دوو بوومەلەرزەی بەهێز بە گوڕی 7.2 و 7.5 پلە بە پێوەری رێختەر كە سێ ڕۆژ بەر لە ئێستە رووبەڕووی ئەو وڵاتە بووەوە.

هاووڵاتییانی ڤەنزوێلا بە چری خەریكی گەڕانن بە دوای چارەنووسی كەسوكار و خۆشەویستانیان، بەهۆی كەمی پیاوانی تیمەكانی فریاكەوتن و بەهاناوەچوونی حكوومەت، هاوكات ژمارەی كوژراوان بەهۆی بوومەلەرزەكەوە بۆ 92 كەس و بێسەروشوێنانیش بۆ 51 هەزار كەس بەرز بووەتەوە.

خەڵكی ئەو وڵاتە دووپات لەوە دەكەنەوە كە ژمارەیەكی كەمی تیمەكانی بەهاناوەچوونی سەربە حكوومەتیان لە ناوچە زیانپێگەیشتووەكان بینیوە، سەرەڕای ئەوەی حكوومەت دووپات لەوە دەكاتەوە بە هەموو توانایەوە خەریكی دەرهێنانی ئەو كەسانەیە كە كەوتوونەتە ژێر داروپەردووی بوومەلەرزەكەوە.

شەوی ڕابردوو دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە ئاشكرایان كرد، ڕێگە نادەن خەڵك بە ناوەندی كارەساتەكە كە لا گوێرایە بگەن، بەوهۆیەوە جەنجاڵییەكی زۆر لەسەر شەقامەكانی گەیشتن بەو شوێنە دروست بوو، چونكە خەڵكی دەیانویست بچنە شوێنەكە و بەهانای لێقەوماوانەوە بچن، بەڵام دەسەڵاتی ئەو وڵاتە دووپاتی كردەوە كە هەركەسێك دەیەوێ وەك تیمی بەهاناوەچوون بچێتە زیانمەندترین شوێنی بوومەلەرزەكان، پێویستە سەرەتا لەلایەن حكوومەتەوە مافی ڕێگەپێدانی پێ بدرێت.

ئاژانسەكانی بەهاناوەچوون دووپات لەوە دەكەنەوە، 48 تا 72 سەعات كاتێكی یەكلاكەرەوەیە بۆ ڕزگاركردنی ئەوانەی كەوتوونەتە ژێر پاشماوە بەسەریەكدا ڕووخاوەكان، خۆرخی ڕۆدریگز سەرۆكی كۆمەڵەی نیشتمانی ئەو وڵاتە لەوبارەیەوە گوتی، هەر كەسێك كە ڕزگار دەكرێت، جۆرێكە لە پەڕچوو، ئێمە هیچ شتێك لەبارەی قەبارەی گەورە و كارەساتباری ئەو ڕووداوە ناشارینەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د