رۆژنامەیەكی توركی ئاماژە دەكات كە هەریەك لە توركیا و ئازەربایجان داوایەكی هاوبەشیان پێشكەشی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەروەردە و زانست و كولتوور "یونسكۆ" كردووە، بۆ زیادكردنی پاقلاوە بۆ لیستی كەلەپووری كولتووری لە رێكخراوەكە.
رۆژنامەی
" Türkiye "ی توركی ئاماژەی كرد كە هەریەك لە توركیا و ئازەربایجان لەبارەی بابەتەكە هەڵوێستیان یەك خستووە، لەوكاتەی یۆنان هەوڵ دەدات پاقلاوە وەك شیرینییەكی كۆن و دێرین بە ناوی خۆی تۆمار بكات، بەپێی رۆژنامەكە ئەو جموجۆڵە لە چوارچێوەی هەوڵەكانی توركیا بۆ تۆماركردنی پاقلاوە بە ناوی " Baklava " و ئازەربایجانیش بە ناوی " Pakhlava "، بۆ رێگرتن لە هەوڵی وڵاتانی تر لەوانە یۆنان بۆ تۆماركردنی شیرینییەكە بە ناوی ئەوەوە.
هەریەك لە توركیا و ئازەربایجان دۆسیەیەكی هاوبەشیان ئامادە كردووە و پێشكەشی رێكخراوی یونسكۆیان كردووە بۆ زیادكردنی پاقلاوە بۆ لیستی كەلەپووری رێكخراوەكە بەو ناوانەی خۆیان دیاریان كردووە، لەوكاتەی یۆنان داوایەكی هاوشێوە دەكات، بۆیە بڕیاری كۆتایی لەسەر بابەتەكە لە خولی 21ی لیژنەی ناوبژیكاریی نێودەوڵەتی سەر بە رێكخراوەكە لە كۆتایی ئەمساڵ دەدرێت كە لە چین دێتە سازكردن.