وێنەیەك بۆ خۆدەرخستن.. نیمار لە مۆندیالدا كاتژمێرێك بە ملیۆنێك دۆلار دەكڕێت

:: AM:10:35:29/06/2026 ‌
نیمار ئەستێرەی تۆپی پێی بەرازیل لە مۆندیالی ئەمساڵ 2026دا، كاتژمێرێكی لە نیویۆرك كڕیوە كە بەهاكەی ملیۆنێك دۆلارە، وێنەی كاتژمێرەكەی بڵاو كردووەتەوە كە خەڵك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پێی دەڵێن، ئەوەی نیمار لە مۆندیال و كڕینی كاتژمێرەكەی و بڵاوكردنەوەی كردوویەتی، تەنیا بۆ خۆدەرخستن بووە.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ دووشەم 29ی حوزەیران بڵاوی كردووەتەوە، نیمار ئەستێرەی تۆپی پێی بەرازیل كە ئێستە لە مۆندیال و لە نیویۆركە، كاتژمێرێكی گرانبەهای جۆری "ئەسترۆنۆمیا دراگۆن ئاند تایگەر" لەو شارەی ئەمەریكا بە ملیۆنێك دۆلار كڕیوە، لەگەڵ كڕینیدا راستەوخۆ وێنەی لەگەڵ گرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، وێڕای ئەوەی ئەو یاریزانە ملیۆنان هەواداری لە دنیادا هەیە، بەڵام لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەبارەی كاتژمێرەكەی پێی دەڵێن، "بڵاوكردنەوەی وێنەی كاتژمێرەكە تەنیا بۆ خۆدەرخستن بووە".

ئەو كاتژمێرەی نیمار /34 ساڵ/ كڕیویەتی، بە زێڕی سپی دروست كراوە و بە 286 وردە ئەڵماس چنراوە، هەروەها وێنەی ئەژدیها و پڵنگێكیش لە كاتژمێرەكە بە یاقووتی شین و زومرد كێشراوە. ماركەكە و جۆری دروستكردنەكەشی دەچێتە ناو كاتژمێرە ناودارەكانی دنیا.

ئەو یاریزانەی بەرازیل هاوكات خاوەنی چەندان كاتژمێری تریشە كە ئەوانیش گرانبەهان، نموونەیان كاتژمێرەكانی "گازینۆ تۆربیۆن" و "ئۆپرا گۆدڤازر" و "ئیبك ئێس ئێف 24 وۆرلد تیتانیۆم" و "بۆگاتی شیرۆن تۆربیۆن".

هاوكات نیمار چەند كاتژمێری تریشی لە ماركەی "رۆڵێكس" هەیە كە ماركەیەكی ناوداری دنیایە و سویسرییە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د