لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا كە سوودی زۆری بۆ مرۆڤ هەیە، لەگەڵیدا زۆرجار كاریگەریی نەرێنیشی دەبێت، بەتایبەتی بەكارهێنانی مۆبایل و كۆمپیوتەر كە بووەتە رۆژانە و راییكردنی كاروبارەكان، كاتێك بە هەڵە بەكار دەهێنرێن، ئەوكات كاریگەرییە نەرێنییەكانی دەردەكەون، بۆیە لە دوورمەودادا كاریگەریی لەسەر گۆڕانی رووخسار و جەستەیش دەبێت.
پێگەی
"عەرەبیە" هەواڵەكەی لە تۆڕی "بی بی سی" وەرگرتووە كە پسپۆرانی بوارەكە لەبارەی كاریگەرییە نەرێنییەكانی مۆبایل و كۆمپیوتەر لەسەر جەستەی مرۆڤ، قسەیان بۆ تۆڕەكە كردووە و ئاماژە بەوە دەدەن، بە هەڵە بەكارهێنانی مۆبایل و كۆمپیوتەر، كاریگەریی لەسەر بڕبڕەی پشت و مل دەبێت، هاوكات زیانی زۆریش بە چاو دەگەیەنێت و تەنانەت كاریگەرییەكانی لەسەر جووڵەی جەستەیش دەبێت كە دواتر هێزی ماسولكەكان كەمتر دەكاتەوە، بۆ ئەوەیش لە دوورمەودادا دەبێتە هۆی گۆڕانی رووخسار و جەستەیش.
باس لەوەش دەكەن كە كاریگەرییەكانی بەهەڵە بەكارهێنانی مۆبایل و كۆمپیوتەر تەنیا لەسەر گۆڕانی جەستە نابێت، بەڵكو كێشە بۆ مێشكیش دروست دەكات كە ئەوەیان زیاتر مەترسیدارە. ئەوان دەڵێن ئەگەر سەرنج بدەن كاتێك كەسێك دەیەوێ بابەتێك لە مۆبایل بخوێنێتەوە، سەری دادەنوێنێ تا شاشەكە بەباشی ببینێت، واتە سەری بۆ پێشەوە دەبات و دایدەنوێنێت، بۆ ئەوەیش بڕبڕەی مل تووشی پاڵەپەستۆیەك دەبێ كە دەگاتە 27 كلیۆگرام، بۆ ئەوەیش لە دوورمەودادا بڕبڕەی مل تووشی تێكچوون دەكات و ئەو پاڵەپەستۆیە جومگە و ماسولكەكان لەناو دەبات.
پسپۆران دووپات دەكەنەوە كە ئەو هەڵە بەكارهێنانی مۆبایل و كۆمپیوتەرە وا دەكات لە دوورمەودادا، گۆڕانی جۆریی بەرچاو لە جەستەدا دەربكەوێت، واتە ئەو گۆڕانە لە جەستە بەشێوەی بەردەوام دەبێت.
بۆ چارەسەریش دەڵێن، هەندێك راهێنان هەن گرنگە لە بەرچاو بگیرێن و بكرێن، بێگەمان ئەوەیش لە دوای رێنوێنیی پزیشك، بۆ نموونە بەرزكردنەوەی مۆبایل بەرەو سەرە و لە ئاستی چاو و دروست بەرانبەر بە دەموچاو بێت، بەهەمانشێوە ئەوە پێویستە لە بەكارهێنانی كۆمپیوتەریش ئەنجام بدرێت.
جیالەوەی پسپۆران دووپات دەكەنەوە كە لە سەرووی هەموو چارەسەرییەكان، گرنكە لە نێوان نیو سەعاتدا، پشوو وەربگیرێت و لە شاشە دوور بكەونەوە ئەگەر بۆ پێنج خولەكیش بێت.