زانایانی گەردوونناسی لە گەڕان و سووڕان بە دوای دیاردەی نامۆ و لێكدانەوەی دیاردەكانی گەردوونناسی و هەسارەی تری گونجاو بۆ ژیان بە هاوشێوەی زەوی یان دۆزینەوەی بوونەوەری تر بەردەوامن، ئەوان لەگەڵ دۆزینەوەی هەر هەسارەیەكی نوێ بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەگەڕێن، ئاخۆ وەك مرۆڤ بە تەنیاین لە گەردوون؟
توێژینەوەیەكی نوێ باسی دۆزینەوەی هەسارەیەك لە دووری 25 ساڵی رووناكی دەكات، تایبەتمەندیی وای هەیە كەڵكی ژیانی هەیە، ئێستە بووەتە لەپێشینەی گەڕان و ئامانجەكان و بۆ ساڵانی داهاتوو بە وردی كار لەسەر دۆزینەوە و ئاشكراكردنی زانیاریی زیاتری لەسەر دەكرێت.
ئەو هەسارە نوێی ناوی " GJ 3378b "، بە دەوری ئەستێرەی " GJ 3378"، دەسووڕێتەوە، بۆ یەكەم جار لە 2024 دۆزرایەوە، هەسارەیەكی تاوێرەییە و قەبارەكەی لە زەوی گەورەترە، بەڵام لە هەسارە گازییەكان بچووكترە، توێژینەوەكە دەری خست كە ئەو هەسارە لە رووەكانی بارستە و سروشتی پێكهاتنی لە زەوییەوە نزیكە.
پۆل رۆبەرتسۆن توێژەری سەرەكی لە توێژینەوەكە لە زانكۆی كالیفۆرنیا دەڵێت، ئەو هەسارە یەكێكە لە هەسارە زۆر هاوشێوەكان بۆ زەوی، دوورییەكەی كە 25 ساڵی رووناكییە، وا دەكات ببێتە دراوسێیەكی گەردوونی بە بەراورد بە قەبارەی گەلە ئەستێرەی رێگەی كاكێشان، هەسارەكە 2.3 هێندی بارستەی زەوییە، واتە هەسارەیەكی تاوێرەییە و زیاتر كەڵكی ژیانی بە هاوشێوەی زەوی هەیە.