تێچووی دروستکردنی ئایفۆن 18 پرۆ ماکس بەرز دەبێتەوە

:: PM:03:36:10/07/2026 ‌
پێشبینییە سەرەتاییەکان کە ئەمڕۆ هەینی 10ی تەمووزی 2026 بڵاو کراونەتەوە، ئاشکرایان کردووە کە تێچووی بەرهەمهێنانی مۆبایلی ئایفۆن 18 پرۆ ماکس ڕەنگە بە بڕی 300 دۆلار بەراورد بە وەشانی پێشووتر بەرز ببێتەوە، ئەمەش بەهۆی بەردەوامیی بەرزبوونەوەی نرخی پێکهاتەکانی بیرگە و ئەو چیپە ئەلیکترۆنییانەی لە ئامێرەکەدا بەکار دەهێنرێن.

کۆمپانیای توێژینەوەی "کاونتەرپۆینت ڕیسێرچ" ڕای گەیاندووە، بەشێکی زۆری ئەم زیادبوونە دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی تێچووی هەردوو بیرگەی (NAND) و (DRAM)، سەرباری بەکارهێنانی پڕۆسێسەرێکی نوێ بە وردبینیی دروستکردنی دوو نانۆمەتر و تەکنەلۆجیای پێشکەوتووتری پاکەتکردن، کە ئەمانە تێچووی دروستکردن بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکەنەوە.

پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تێچووی سیستمی کامێراکانیش کەمێک بەرز بووەتەوە بەهۆی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای نوێتر، لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت تێچووی شاشە و هەندێک پێکهاتەی تر کەم ببێتەوە، بەڵام ئەمە بەس نابێت بۆ قەرەبووکردنەوەی کۆی گشتیی بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان.

کۆمپانیاکە ئەگەری ئەوەی خستووەتە ڕوو کە ئەم بەرزبوونەوەیە کاریگەریی لەسەر نرخی کۆتایی فرۆشتن هەبێت، بە جۆرێک پێشبینی دەکرێت تێکڕای نرخەکەی نزیکەی 200 دۆلار بەرز ببێتەوە، وە زیادبوونەکەش زیاتر دەبێت لەو وەشانانەی توانای هەڵگرتنیان بەرزە، وەک وەشانی یەک تێڕابایت.

سەرەڕای پێشبینییەکانی بەرزبوونەوەی نرخ، خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕەنگە کۆمپانیای ئەپڵ قازانجێکی کەمتر بکات بەراورد بەوەی لە مۆبایلی ئایفۆن 17 پرۆ ماکسدا تۆماری کردووە، ئەمەش بەهۆی بەرزیی تێچووی پێکهاتە سەرەکییەکان.


وشە - پۆڵا مەحموود