بەهۆی پێشاندانی تابلۆیەكی پۆرترێتی نوێی ئەنجێلا مێركڵ راوێژكاری پێشووی ئەڵمانیا لە مۆزەخانەی بۆدە لە بەرلین، وایكردووە سەردانكارانی مۆزەخانەكە بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز بكاتەوە، بەجۆرێك سەردانكارانی بەهۆی تابلۆكەوە بۆ 85% بەرز بووەتەوە.
پێگەی
"عەرەبیە" كە هەواڵەكەی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا گوتەبێژی ئەو دامەزراوەیەی سەرپەرشتیی مۆزەخانەكە دەكات، بۆ میدیاكانی وڵاتەكەی دەڵێت، تابلۆكەی ئەنجێلا مێركڵ كە پۆرترێتە و بەمدواییە لە مۆزەخانەكەدا دانراوە، وایكردووە ژمارەی سەردانكاران بۆ مۆزەخانەكە زۆر زیاتر بەرز ببێتەوە، بەرزبوونەكەی كەیشتووەتە رێژەی 85%ی سەردانكارانی مۆزەخانەكە.
ئەو گوتەبێژە زیاتر گوتی، ئێستە رۆژانە بەلای كەمەوە 900 كەس سەردانی مۆزەخانەی بۆدە دەكەن كە لەوەتەی تابلۆكەی مێركڵ لەو مۆزەخانەكە دانراوە، رۆژانە ژمارەی سەردانكاران زیاتر دەبن كە ئەویش بەهۆی ئەوەی ئەو خاتوونە سەركردەیەی ئەڵمانیا زۆرترین هەواداری هەیە.
ئەنجێلا مێركڵ ماوەی 16 ساڵ تا ساڵی 2021 وەك راوێژكاری وڵاتەكە ئەڵمانیای بەڕێوە دەبرد، دوای ئەوەی وازی لە پۆستەكەی هێنا، لەگەڵ هونەرمەندی فڕەنسی و ئەڵمانی جێرمی كیراس كە تەمەنی 28 ساڵە و لە خێزانێكی موزیكی ناودار پەروەردە بووە، رێك كەوت تابلۆ پۆرترێتەكەی بۆ بكێشێت.
لە تابلۆكەدا مێركڵ چاكەتێكی شینی لەبەر كردووە و باكگڕاوندی تابلۆكەیش رەنگی زێڕینە. لەبارەی تابلۆكەیشەوە مێركڵ گوتوویەتی، رەنگی شین بۆ چاكەتەكەم هێمای بەهێزیی كەسایەتییە.