فیلمی "مایكڵ" كە ژیاننامەی ئەستێرەی گۆرانیی جیهانی "مایكڵ جاكسن" دەگەڕێتەوە، بە فرۆشتنی پلیت لە هۆڵی سینەماكان، داهاتەكەی ملیارێك دۆلاری تێپەڕاند كە بۆ یەكەمین جارە فیلمێك لەسەر ئاستی دنیادا، داهاتەكەی بگاتە زیاتر لە ملیارێك و چیرۆكەكەیشی ژیاننامەی كەسایەتییەكی ناودار بێت.
پێگەی "
ئەهرام"ی میسری ئەمڕۆ دووشەم 13ی تەمووز، هەواڵەكەی لە پێگەی "فارایتی" وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، فیلمی "مایكڵ" كە باس لە ژیاننامەی مایكڵ جاكسن ئەستێرەی موزیكی پۆپی جیهانیی كۆچكردوو دەكات، تا ئێستە فرۆشی پلیتی ئەو فیلمە لە هۆڵی سینەماكان، گەیشتووەتە زیاتر لە ملیارێك دۆلار، ئەوەیش شكاندنی ژمارەی پێوانەییە لەسەر ئاستی دنیا، بەتایبەتی بۆ فیلمێك تایبەت بێت بە ژیاننامەی كەسایەتییەكی ناودار.
باس لەوە دەكرێ هاوكات كۆمپانیای لایۆنزجیت كە بەرهەمهێنەری فیلمەكەیە، لە مێژووی دامەزراندنی كۆمپانیاكە، بۆ یەكەمین جارە داهاتی لە فیلمێكدا بگاتە زیاتر لە ملیارێك، بۆ ئەوەیش داهاتی ئەو فیلمە ژمارەی پێوانەیی لەسەر ئاستی دنیا شكاند.
لە فیلمی "مایكڵ"دا جەعفەر مایكڵ كە دەكاتە برازای مایكڵ جاكسن، رۆڵی مامی مایكڵ جاكسن دەبینێت، هاوكات جەعفەر بۆ یەكەمین جارە وەك ئەكتەر رۆڵ لە فیلمی سینەماییدا ببینێت. ئەنتوان ڤۆكوا دەرهێنەری فیلمەكە و جۆن لۆجان سیناریۆكەی نووسیوە.
لەو فیلمە ژیاننامەییەدا باس لە دەستپێكردنی هونەریی مایكڵ جاكسن لە تیپی "جاكسن 5" دەكرێت، تا گەیشتە ئاستێك ببێتە ئەستێرەیەكی تەواوی دنیا لە بواری موزیك و گۆرانیی پۆپ. هەروەها بەو داهاتە زۆرەی فیلمەكە، زیاتر ئەوە دەركەوت كە مایكڵ جاكسن تەنانەت لە دوای مردنیشی، زۆرترین هەواداری لە دنیادا هەیە و بەرهەمەكانی ئەو هونەرمەند هەرگیز كۆن نابن.