نرخی زەویی گۆڕستان لە ئیستەنبووڵ گرانتر دەبێت

:: PM:05:50:14/07/2026 ‌

ئیستەنبووڵ یەكێكە لە شارە زۆر قەرەباڵغەكانی توركیا و دنیا كە ژمارەی دانیشتووانەكەی 16 ملیۆن كەسە، لە ماوەی دوایی نرخی گۆڕ لەو شارە مشتومڕێكی زۆری دروست كرد، ئەوەش لە دوای راگەیاندنی لیستی رسووماتی نوێ بۆ زەوی تەرخانكراو بۆ گۆڕستان لە لایەن شارەوانیی شارەكەوە، كە جیاوازییەكی گەورەی لە نێوان شوێنەكان بە پێی جوگرافیا و ئاستی خواستی بازاڕ هەیە. 

وەك میدیاكانی توركیا باسیان كرد، نرخی هەرزانترین پارچە زەویی گۆڕستان لە ئیستەنبووڵ لە 10 هەزار و 728 لیرەی توركی، دەكاتە 270 دۆلاری ئەمەریكی دەست پێ دەكات، لەوكاتەی نرخی گرانترین پارچە زەوی تەرخانكراو بۆ گۆڕستان دەگاتە 334 و 896 لیرە، دەكاتە نزیكەی 8.400 دۆلاری ئەمەریكی.

لە شاری ئیستەنبووڵ سەتان گۆڕستان هەن، كە شارەوانیی شارەكە سەرپەرشتیان دەكات، رسووماتی ناشتن لەو گۆڕستانانە بەپێی پۆلێنی گۆڕستانەكان و شوێن و رووبەرەكەی دێتە گۆڕان، ئەو گۆڕستانانەی لە ناوچە قەرەباڵغ و مێژووییەكانەوە نزیكن نرخیان گرانترە، لە توركیا خزمەتگوزاریی سەرەكیی ناشتن لە لایەن شارەوانییەوە دابین دەكرێت، بەڵام پێویستە خەڵكەكە پێشوەختە پارچە زەوییەك بكڕن یان ئامادەی بكەن. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل