شارەوانیی هەولێر ئامادەكاری بۆ سازكردنی فێستیڤاڵێكی هاوینەی پێنج ڕۆژە دەكات

:: PM:02:23:16/07/2026 ‌
لە چوارچێوەی بەردەوامیی كار و چالاكییەكانیدا، سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر ئامادەكاری دەكات بۆ سازكردنی فێستیڤاڵێكی هاوچەرخی هاوینە لە ناو پاركی سامی عەبدولڕەحمان، بە ئامانجی ڕەخساندنی دەرفەتی كار بۆ گەنجان و خاوەنكاران، پێشكەشكردنی كەشێكی گونجاوی خێزانی بۆ هاووڵاتییانی پایتەخت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 16ـی تەمووز، كارزان عەبدولهادی سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، بڕیارە ڕۆژی چوارشەم یەكەم ڕۆژی دەستپێكردنی بێت، بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

زیاتر گوتی، لەم چالاكییەدا دەرفەت بۆ ئارەزوومەندان و خاوەنكاران دەڕەخسێنرێت بۆ نمایشكردن و فرۆشتنی بەرهەمە ناوخۆییەكانیان، لەوانە كارە دەستییەكان، خواردنی كوردەواری و بەروبوومە شیرەمەنییەكان.

باسی لەوەش كرد، سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر سەرجەم ئارەزوومەندان و هاووڵاتییانی خاوەنكاران ئاگادار دەكاتەوە، كە پرۆسەی ناو تۆماركردن بۆ بەشداریكردن لە فێستیڤاڵەكەدا لە ڕۆژانی یەكشەم و دووشەمی هەفتەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت. 



وشە - رامیار جەواد