بیردۆزێکی بیرکاری مشتومڕ لەسەر کاتی لەناوچوونی مرۆڤایەتی دروست دەکات

:: AM:09:53:17/07/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی 17ی تەمووزی 2026، باسی بیردۆزێکی سەیر دەکرێت کە لە ساڵی 1983ەوە مشتومڕێکی گەرمی لە نێوان زانایاندا دروست کردووە. بیردۆزەکە پێی وایە کە مرۆڤەکان لە گەردووندا تایبەت نین، بۆیە ئەگەرێکی زۆر هەیە کە ئێمە لە ناوەڕاستی مێژووی مرۆڤایەتیدا بژین، نەک لە سەرەتا یان کۆتاییەکەیدا.

لەسەر بنەمای هەژمارکردنی بیرکاری، ئەو بیردۆزەی کە بە "بەڵگەی ڕۆژی دوایی" ناسراوە، گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە تەنیا نزیکەی 17 هەزار و 100 ساڵ لە بەردەم مرۆڤایەتیدا ماوە پێش ئەوەی لەناو بچێت. بەڵام ئەم ئەنجامە ڕووبەڕووی دژایەتییەکی توندی چەندین شارەزا بووەتەوە کە گومان لە دروستییەکەی دەکەن.

بیردۆزەکە لەسەر ئەو بیرۆکەیە دامەزراوە کە مرۆڤەکان پێگەیەکی تایبەتیان لە گەردوون یان مێژوودا نییە، واتە نابێت وابیر بکەینەوە کە ئێمە لە قۆناغێکی زۆر زوو یان زۆر درەنگی بوونی مرۆڤدا دەژین. هەژمارکردنەکە پشتی بەستووە بە پێگەی کەسەکە لە ڕیزبەندی کاتیی ئەو مرۆڤانەی کە تا ئێستە ژیاون، وەک بەڵگەیەکی ئاماری بۆ ژمارەی ئەو کەسانەی کە ڕەنگە لە دوای ئەو بێن.

زانایان مەزەندەی ئەوە دەکەن کە تا ئێستە نزیکەی 117 ملیار مرۆڤ لەسەر زەوی ژیاون. پێیان وایە ئەگەرێکی لە سەدا 95 هەیە کە ئێمە لە ناو لە سەدا پێنجی سەرەتای هەموو ئەو مرۆڤانەدا نەبین کە لەدایک دەبن. لەمەوە، هەژمارکردنەکە ئاماژە بەوە دەکات کە کۆی گشتی ژمارەی ئەو مرۆڤانەی کە دەژین، ئەگەرێکی کەمی هەیە لە دوو تریلیۆن و 340 ملیار کەس تێپەڕێت.

بە ڕێژەی لەدایکبوونی ئێستە، دەگەینە ئەم ژمارەیە دوای نزیکەی 17 هەزار و 100 ساڵی تر، واتە لە ساڵی 19126دا. بەڵام خاڵی گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە بیردۆزەکە ناڵێت مرۆڤایەتی بەدڵنیاییەوە لەو بەروارەدا لەناو دەچێت، بەڵکوو ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەری لە سەدا 95 هەیە لەناوچوونەکە پێش گەیشتن بەو کۆی گشتییە ڕوو بدات. ئەمە لە بنەڕەتدا هۆشدارییەکە دەربارەی سنووری ئەو گریمانەیەی کە پێی وایە ڕەگەزی مرۆڤ بۆ کاتێکی نادیار بەردەوام دەبێت.

ئەو بیرکارییەی لە پشت بیردۆزەکەوەیە هەوڵ نادات ڕوونی بکاتەوە چی دەبێتە هۆی لەناوچوون. بەڵام زانایان لە پەیامێکدا ڕایان گەیاندووە و بەگشتی باس لە چەند مەترسییەکی ئەگەرکراو دەکەن، وەک جەنگی ئەتۆمی، گۆڕانی کەشوهەوا، پەتای جیهانی، بەرکەوتنی هەسارۆکەکان، ژیریی دەستکرد و کارەساتە جیهانییەکانی تر. تەنانەت هەندێک لە توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن کە هەڕەشەکانی داهاتوو ڕەنگە لە تەکنەلۆجیا یان ڕووداوگەلێکەوە بێن کە لە ئێستەدا بوونیان نییە و نادیارن، ئەمەش پێشبینیکردنیان مەحاڵ دەکات.

لە ساتەوەختی بڵاوکردنەوەیەوە، بەڵگەی ڕۆژی دوایی ڕووبەڕووی چەندین ناڕەزایەتی بووەتەوە لەلایەن زانایان و شارەزایانی بیرکارییەوە، کە پێیان وایە ئەو گریمانانەی لەسەری دامەزراوە تا ڕادەیەکی زۆر جێگەی متمانە نین. چونکە ژمارەی دانیشتووانی داهاتوو هەڕەمەکی نییە، بەڵکوو دەکرێت بەتوندی کاریگەری بەسەرەوە بێت لەلایەن هۆکارەکانی وەک دابەزینی ڕێژەی لەدایکبوون، پێشکەوتنی پزیشکی، گۆڕانکارییە ئابوورییەکان و پێشکەوتنی تەکنەلۆجی.

ڕەخنەگران ئەوە دووپات دەکەنەوە کە ئەم بەڵگەیە ئەگەری فراوانبوونی مرۆڤ بۆ دەرەوەی زەوی لەبەرچاو نەگرتووە. ئەگەر نەوەکانی داهاتوو نیشتەجێی هەمیشەیی لەسەر هەسارەکانی تر دروست بکەن، ئەوا مانەوەی مرۆڤایەتی لەسەر ئاستی درێژخایەن زۆر جیاواز دەبێت لەو سیناریۆیەی کە بیردۆزەکە وێنای دەکات. تەنانەت ئەو توێژەرانەشی کە پشتگیری بیرۆکەکە دەکەن، بەگشتی وەک ڕاهێنانێکی بیرکاری وەسفی دەکەن بۆ هاندانی گفتوگۆ لەسەر داهاتووی مرۆڤایەتی، نەک وەک سەعاتێکی ژمێرەری پێچەوانە بۆ لەناوچوون.

ئەمە تەنیا توێژینەوە نییە کە هەوڵ دەدات داهاتووی مرۆڤایەتی ئاشکرا بکات. لە توێژینەوەیەکدا کە لە مانگی ئابی ساڵی 2025 بڵاو کراوەتەوە و پشتی بە ئەگەرەکان بەستووە بۆ پێشبینیکردنی داهاتوو، هاتووە کە تەنیا کەمێک زیاتر لە 300 ساڵ لە بەردەمماندا ماوە پێش ئەوەی ماڵئاوایی لە مرۆڤایەتی بکەین. توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە تا ساڵی 2139 ژمارەی دانیشتووانی جیهان لە نێوان ملیارێک و 550 ملیۆن بۆ ملیارێک و 810 ملیۆن کەس دەبێت، و تا ساڵی 2339 بە هیچ شێوەیەک مرۆڤ بوونی نامێنێت.

هێشتا مشتومڕ بەردەوامە لەسەر ئەوەی کە ئایا بەڵگەی ڕۆژی دوایی بەڕاستی وەک ڕێگەیەک بۆ بیرکردنەوە لە داهاتووی مرۆڤایەتی سوودی هەیە یان نا. لە ئێستەدا باشتر وایە وەک بەشێکی سەرنجڕاکێشی بیردۆزی ئەگەرەکان سەیر بکرێت، نەک وەک هۆشدارییەکی دڵنیایی کە شارستانییەت مێژوویەکی دیاریکراوی بەسەرچوونی هەبێت.


وشە - پۆڵا مەحموود