خاتوونە هونەرمەندێك لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا، باس لەوە دەكات كە ماوەی دوو ساڵ تووشی خەمۆكی بوو و لەو ماوەیەدا نەیدەویست تێكەڵی كۆمەڵگە بێت، جیا لە پزیشكەكان و كەسانی دەوروبەری، موزیك و گۆرانی وایكرد ئەو قۆناغە تێپەڕێنێت و رزگاری بێت.
ئەمیرە ئەدیب كە یەك لە هونەرمەندە گەنجەكانی بواری موزیك و گۆرانییە و دەكاتە كچی خاتوونە هونەرمەند مەنال سەلامە و دەرهێنەر عادل ئەدیب، ئەو لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا باس لەوە دەكات، بەمدواییە بۆ ماوەی دوو ساڵ تووشی حاڵەتی خەمۆكی بوو و بەهۆیەوە لە خەڵك و بوارە هونەرییەكەی دوور كەوتەوە. وەك دەڵێت حاڵەتەكە گەیشتە ئاستێك زۆربەی كاتەكانی لەسەر سیسەمەكەی كەوتووە و بە ئەستەم دەیتوانێ هەستێت.
باسی لەوە كرد كە بەردەوام بیری لە حاڵەت و شتی نەرێنی دەكردەوە و گەشبینیی بۆ ژیان و دنیا نەمابوو، لە بیركردنەوەكانیدا هەستی بەوە دەكرد كە هەوادارانی خۆشیان ناوێ و لێی دوور كەوتوونەتەوە، ئەوە لە كاتێكدا لە ناو جەماوەردا بە كەسایەتییەكی پڕ جووڵە و وزە و كەسێكی گەشبین دەبینرا.
دواتریش گوتی لە دوای دوو ساڵ مانەوەم بەو شێوەیە، جیا لە پزیشكە دەروونییەكەی و خێزانەكەی و كەسە نزیكەكانی كە بەردەوام لە دەوری بوون، خۆی زیاتر هەوڵی دەدا تێكەڵی موزیك و گۆرانیگوتن ببێتەوە، هەر ئەوەیش وایكرد وزەی بێتەوە بەر و ویستی بۆ ژیان و تێكەڵبوون لەگەڵ خەڵك، وزەی پێ بدات و بەرەو گەشبینی بگەڕێتەوە.
ئەمیرە ئەدیب لەدایكبووی ساڵی 1999ی میسر و قاهیرەیە، ماوەی چەند ساڵێكە وەك موزیكژەن و گۆرانیبێژ دەركەوتووە و چەندان گۆرانیی تۆماركراوی هەیە.