دەسەڵاتی نەمسا بڕیاری دا ئەو باڵەخانەیەی هیتلەر سەرۆكی نازییەكان تێیدا لە دایك بووە و بووەتە شوێنێك نازییە نوێیەكان وەك یادكردنەوە تێیدا كۆ دەبنەوە، بكرێتە بنكەی پۆلیس بۆ ئەوەی ئەو یادەوەرییە نەمێنێت و رێگە بەو كۆبوونەوانەی نازییە نوێیەكان نەدەن.
پێگەی "شەفەق نیوز" كە هەواڵەكەی لە ئاژانسی "رۆیتەرز" وەرگرتووە و ئاماژەی داوە، دەسەڵاتی نەمسا دەستی بەوە كردووە ئەو باڵەخانەیەی هیتلەر تێیدا لە دایك بووە، بیكەنە بنكەی پۆلیس، چونكە ماوەیەكی زۆرە نازییە نوێیەكان وەك یادكردنەوەی هیتلەر تێیدا كۆ دەبنەوە و كۆبوونەوەی تێدا دەكەن، ئێستەیش كە دەكرێتە بنكەی پۆلیس، بۆ ئەوەیە بە یەكجاری رێگە لە نازییەكان بگیرێت و ئەو یادكردنەوەیش بنبڕ بكرێت.
دووپات كراوەتەوە كە راستییەكەی كاتێك هیتلەر لە ساڵی 1889 لەو باڵەخانەیە لە دایك بووە كە دەكەوێتە شارۆچكەی براوناو ئێم ئێن لە نزیكی سنووری ئەڵمانیا، تەنیا دوو هەفتە تێیدا ژیاوە، دوای ئەوە خێزانەكەی بۆ شوێنێكی تر گواستوویانەتەوە. واتە ماوەی ژیانی هیتلەر لەو باڵەخانەیە ئەوەندە درێژ نەبووە تا بكرێتە یادگەی.
باس لەوە دەكرێ كە ساڵانێكە باس لەو پڕۆژەیەی باڵەخانەكە دەكرێت، پێشتر سەربە كەرتی تایبەت بووە و كۆمەڵەیەكی خێرخوازیی تایبەت بە كەمئەندامان بووە، پاشان حكوومەتی نەمسا بۆ خۆی هەڵگرتووە و لە ساڵی 2019دا كراوەتە بارەگایەكی تەناهی. ئێستەیش كە دەكرێتە بنكەی پۆلیس، بۆ ئەوەیە ئەو یادگەیەی هیتلەر لەو شوێنە لەناو بچێت.